گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرۆککۆماری عێراق و هاوسەرۆکی یەکێتی دەربارەی کێشەکانی هەرێم و بەغدا کۆبوونەوە

2020.09.03 - 19:40
سەرۆککۆماری عێراق و هاوسەرۆکی یەکێتی دەربارەی کێشەکانی هەرێم و بەغدا کۆبوونەوە

ناس کورد-

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکۆشکی سەلام لە بەغدا، سەرۆککۆماری عێراق و هاوسەرۆکی یەکێتی کۆبوونەوە و تاووتوێی کێشەکانی هەرێم و بەغدا و کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیان کرد، هاوسەرۆکی یەکێتیش جەختی لەچارەسەرکردنی کێشەکان کردەوە.

 

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند: "ئەمرۆ لە بەغدا لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق کۆبومەوە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: " پێکەوە شەنوکەوی دواین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكانمانکرد لە عێراق و هەرێمی كوردستان.

 

هاوسەرۆکی یەکێتی ئەوەشی خستووەتەڕوو: " جەختیشمان لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا لەسەر بنەما دەستوور كردەوە كە تیادا مافەکانی کورد لەبەرچاو بگیرێت و کێشەی بودجە و موچەی موچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بکرێت."

 

باسی لەوەشکردووە: "بە بایەخەوە باسمان لە سەردانەكەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا بۆ عێراق کرد و هەوڵەکانیمان بەگرنگ نرخاند بۆ لێك نزیككردنەوەی بیروڕا جیاوازەكان لە عێراق."

 

ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لەسەردانێکی فەرمیدا سەردانی بەغدای کرد و چاوی بە چەندین بەرپرسی حکومی و حزبی کەوت، لەنێویاندا هاوسەرۆکی یەکێتی.