ناس کورد-
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان لەژێر فشاری حزبی و شەخسیدایە و دەشڵێت، خەریكی هێنانەوەی پاساوە بۆ ڕێگرتن لە پرساندنی ئەو تۆڕە گەندەڵییەی بوونەتە كارەسات بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵك.
دوای ڕەتكردنەوەی یاداشتی 24 پەرلەمانتار لە شەش فراكسیۆنی پەرلەمانی بەمەبەستی پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان داوای بەڵگەی کردووە سەبارەت بە لێبڕینی موچە و سەرۆکی پەرلەمانیش وەڵامی دایەوە و قسەکانی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی بە "چەواشەکاری" وەسفکرد.
لەبەرامبەردا، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لەڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی سەرۆکی پەرلەمانی دایەوە و ڕایگەیاند: "هەڵبەت لە دۆخی بەڕێزیان و فشارە حزبیی و شەخسییانە تێدەگەین كە لەسەریانە و ئەوەش دەزانین كە خەریكی هێنانەوەی پاساوە بۆ ڕێگرتن لە پرساندنی ئەو تۆڕە گەندەڵییەی بوونەتە كارەسات بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵك."
ئاماژەی بەوەشكردووە: " لەوە كارەساتتر ئەوەیە ستەم و هەڵەی خۆت بەرامبەر پەرلەمانتاران و خەڵكی بێ موچە و نانبڕاوی هەرێمی كوردستان بە هەندێ بیانوی شكڵی و پاساوی پەیڕەویەوە داپۆشیت ."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە وەڵامی ڕێواز فایەقدا باسی لەوەشکردووە: "پەرلەمانتارانی ئەو شەش فراکسیۆنەی پێشوو كە یاداشتیان ئاراستەی بەڕێزتان كرد بۆ پرساندن لە حكومەتی هەرێم، بەدیاریكراوی لەو ستەمە گەورەیەی كە دوو مانگە لە موچەخۆران دەكرێت و لەسەدا 21 ی موچەكانیان دەبڕدرێت، بەڕێزت كە ڕەتیدەكەیتەوە و داوا دەكەیت بەڵگە هاوپێچ بكەین، بەڕاستی جێگەی سەرسوڕمانە چۆن دەكرێت سەرۆكی بەرزرترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری ئاگاداری ئەوە نەبێت كە مانگی يئەیلولە و خەڵك هێشتا موچەی چوار مانگ پێش ئێستای وەرنەگرتووە و بە دوو مانگ جارێك موچەیەكی بدرێتێ، ئەویش سەدا 21 ی لێ ببڕدرێت بەبێ پشت بەستن بە هیچ كام لەو یاسا بەركارانەی كە پەرلەمانی كوردستان دەریكردووە ؟!".
عەبدولستار مەجید جەختیشیکردووەتەوە: "ئەوەتا حکومەتی هەرێم کە سەدا ٢١ ی موچەی خەڵکی بڕیوە (وێنەی بڕیارەکە هاوپێچە)، بڕیارە نایاساییەکەشی لە ڕۆژنامەی (وەقایعی کوردستان)دا بڵاوکردووەتەوە، چۆن دەکرێت سەرۆکی پەرلەمان ئاگاداری ئەو ڕۆژنامەیە نەبێت و داوا لە پەرلەمانتاران بکات بەڵگەی بدەنێ ؟!."
لە کۆتایی وەڵامەکەیدا سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ پرسیویەتی: " سەرۆكایەتییە لاوازەکەی ئێوە و حكومەتە قەرزارەكەشتان كەی و لەكوێ گوێی بە یاسا داوە تا بەڕێزتان بەناوی پاراستنی یاساوە ببنە بەشێك لەو دەسەڵاتە گەندەڵەی کە ئەم وڵاتەی بەم ڕۆژە ڕەشە گەیاندوە ؟."