گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕونکردنەوەیەک لەسەرۆکی پەرلەمانەوە لەبارەی داواکردنی بەڵگە لەسەر لێبڕینی موچە

2020.09.03 - 17:28
ڕونکردنەوەیەک لەسەرۆکی پەرلەمانەوە لەبارەی داواکردنی بەڵگە لەسەر  لێبڕینی موچە

ناس کورد-

دوای ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان داوای بەڵگەی لێکردوون بۆ سەلماندنی بڕینی 21%ی موچەی فەرمانبەران، سەرۆکی پەرلەمان قسەکانی ناوبراوی بە چەواشەکاری ناوبرد و ڕایگەیاند، یاداشتی پرساندنی ئەو پەرلەمانتارانە پڕبووە لە کەموکوڕی یاسایی.

 

دوای ئەوەی عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە بەرامبەر یاداشتێکیاندا بۆ پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان داوای بەڵگەی لێکردوون بۆ سەلماندنی بڕینی 21%ی موچەی فەرمانبەران، سەرۆکی پەرلەمان لەڕونکردنەوەیەکدا وەڵامی ناوبراوی دایەوە.

 

لەڕوونکردنەوەیەکدا، نوسینگەی ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە: "سەبارەت بە چەواشەکارییەکانی پەرلەمانتار، عەبدولستار مەجید، لە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا، گوایە سەرۆکی پەرلەمان داوای لێکردووە سەبارەت بە لێبڕینی %21ی موچە ی فەرمانبەران بەڵگە بهێنێتەوە، ئەم ڕونکردنەوەیە دەدەین."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، بە نووسراوێک وەڵامی یاداشتەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ و پەرلەمانتارەکانی دیکەی سەبارەت بە پرساندنی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی داوەتەوە، جگە لەوە، بە هیچ جۆرێک تەنانەت بە تەلەفۆنیش قسەی لەگەڵ عەبدولستار مەجید نەکردووە.

 

ڕونیشیکردووەتەوە، نووسراوەکە پاڵپشت بووە بە بڕگەکانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمان هیچ شتێکی بە ئیجتیهادی کەسیی و رای خۆی ئاڕاستە نەکردووە.

 

نوسینگەی ڕێواز فایەق ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرۆکی پەرلەمان ڕێگە بەخۆی نادات لەپێناو ڕازیکردنی هیچ کەسێک، یاداشتێکی پڕ لە کەموکوڕی یاسایی پەیڕەوی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران بکات و دواتر بە نوسراو ئەو هەموو هەڵە و کەموکورتییە بۆ پەرلەمان بگەڕێندرێتەوە و والێکبدرێتەوە کە سەرۆکی پەرلەمان ئاگاداری دەقەکانی پەیڕەوی ناوخۆ نین، بۆیە هەرچی پێویست بێت لە پەرلەمان چاکدەکرێتەوە.

 

لەکۆتایی ڕونکردنەوەکەدا ئەوە هاتووە، لە جیاتی ئەو "ئیستفزاز و تاوانبارکردن و چەواشەکاری" باشترە جارێکی دیکە لە سیاقی پەیڕەوی ناوخۆدا یاداشتەکەی ئامادە بکاتەوە.

 

لەماوەی ڕابردوودا، ژمارەیەک پەرلەمانتاری شەش فراکسیۆنی پەرلەمانی، یاداشتیکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد کە بەمەبەستی پرساندن لەبارەی پرسی لیبڕینی موچەی فەرمانبەران، هەریەک لە سەرۆک و جیگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن