گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆکى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەى مستەفا کازمى و ئیمانوئیل ماکرۆن 

2020.09.02 - 17:48
ناوەڕۆکى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەى مستەفا کازمى و ئیمانوئیل ماکرۆن 

ناس کورد-

سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کۆکردنەوەی پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆعێراق، بنبڕکردنی داعش، بنیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری عێراق جێی بایەخی ئێمەیە و لەگەڵ سەرۆکوزەیرانی عێراقدا بەچڕی گفتوگۆمان لەسەر ئەو پرسانە کردووە.

 

 ئەمڕۆ (چوارشەممە، 2ی ئەیلولی 2020) ئیمانوئیل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدای پایتەخت وتی "دەمانەوێت بەردی بناغەی پڕۆژەی گرنگ لەعێراقدا بەرجەستە بکەین بەتاییەتی پڕۆژەی شەمەندەفەری میترۆ و دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمی بەمەبەستی پەرەپێدانی کەرتی کارەبا لەعێراق".

 

وتیشی "لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆیەکی چڕمان کردووە دەربارەی کۆتایهێنان بەهەڕەشەکانی ڕێکخراوی داعش، تواناکانمان دەخەینە گەڕ لەپێناو کۆکردنەوەی پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ عێراق، بەبڕوای ئێمە لەچەند مانگی داهاتوودا ئەو پرسە بەلای بەرژەوندییەکانی عێراقدا دەشکێتەوە".

 

ماکرۆن ئاماژە بەوەشکرد "فەرەنسا بە گرنگییەوە دەڕوانێتە سەنگ و قورسایی عێراق  لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئامادەین هاوکاریی بکەین لە هەموو ڕوویەکەوە، دانانی بناغەی ئاسایشێکی سەقامگیر لەم وڵاتە زۆر گرنگە بۆ ئێمە".

 

هاوکات لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی "فەرەنسا هاوکاریی باشی عێراقی کردووە لە ئاوەدانکردنەوەی شارە ڕزگارکراوەکانی دەستی داعش، بۆیە ئاواتەخوازین ئەو وڵاتە هاوکاری عێراق بکات لە بواری وزە بەتایبەتی لە دامەزراندنی وێستگەی ئەتۆمی بۆ بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا".

 

کازمی وتیشی "فەرەنسا هاوبەشێکی گرنگی عێراقە لە قەڵاچۆکردنی تیرۆر، بۆیە هەردوولامان کاردەکەین لەپێناو فەراهەمکردنی هاوبەشییەکی ستراتیژی بەتایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم".

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد "کار دەکەین بۆ لابردنی ئاستەنگییەکانی بەردەم کارکردنی کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە عێراق".

 

هەر ئەمڕۆ (چوارشەممە 2ی ئەیلولی 2020) ئیمانوئیل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، لە بەغدا وتی "عێراق ڕوبەڕوی دەستوەردانی دەرەکی دەبێتەوە، کە دەکرێت لاوازی بکات". 

 

ئاشکراشیکرد "پاریس خوازیارە هەموو پاڵپشتییەک پێشکەش بکات لە پرۆژەی سەروەریی عێراقدا".

 

ئیمانوێل ماکرۆن لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وتی "عێراق روبەڕوی ئاڵنگاری سەختی ئابووری و ئاسایش دەبێتەوە، لەکاتێکدا هێشتا شەڕی داعش کۆتایی نەهاتووە".

 

دوای سەردانێکی دوو رۆژە بۆ بەیروت، کە دووەم سەردانییەتی لەوەتەی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت ڕویدا لە سەرەتای مانگی ئاب، ماکرۆن بەیانیی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق وسەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کۆبووەوە.

 

 دوای دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی وەك سەرۆكوەزیرانی عێراق لە مانگی ئایاری ڕابردوو، ئیمانوێل ماكرۆن یەكەم سەرۆك وڵاتە كە سەردانی بەغدا دەكات.