گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتی هەرێم بڕیاری دا لەسەر وادەى خوێندنی ئەمساڵ

2020.09.02 - 14:35
حکومەتی هەرێم بڕیاری دا لەسەر وادەى خوێندنی ئەمساڵ

ناس کورد-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری دا وەرزی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندن بە شێوەیەکی ئەليکترۆنی دەست پێ بکات بەڵام بڕیارەکە خوێندکارانی پۆلی دوانزەى ئامادەیی ناگرێتەوە.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ی ئابی 2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و چەند وەزیرێکی پەیوەندیدار کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن 2020-2021 لە ناوەند و دامەزراوەکانی خوێندنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوی حکومەتى هەرێم، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، هەر یەک لە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ( لە جیاتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی) ڕاپۆرتێکی بەرفراوانیان دەربارەی چۆنێتی و ئەگەر و بژاردەکانی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن خستەڕوو بە لەبەرچاوگرتنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕینماییە تەندروستییەکان.


دەشڵێت، دواتر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی تەندروستی ئێستای هەرێمی کوردستان ئامارەکانی پەتای کۆرۆنا (کۆڤید 19) و پێشھات وئەگەرەکان خستەڕوو.



ڕاشیگەیاند، "دوای تاوتوێکردنی هەموو ئەگەرەکان و بەهۆی بەردەوامی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و لە پێناوی بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن وفێرکردن و پاراستنی بەرژەوەندی قوتابیان وخوێندکارانی ھەرێمی کوردستان و لەسەر پێشنیاری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا وەرزی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندنی 2020-2021 بە شێوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست پێ بکات ( جگە لە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی) و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیان ڕێنمایی و ئامادەکاریی پێویست بکەن بۆ ڕاگەیاندنی رۆژژمێری وەرزی یەکەمی خوێندن لە گشت ناوەندەکانی خوێندن و دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بە شێوەی ئەلیکترۆنی."

 

ئاماژەى بەوەشکرد، "ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دووپاتکردنەوەی گرنگیی پابەندبوونی ھاوڵاتیان بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا کە بەداخەوە لە تەشەنەکردندایە، وەزارەتی تەندروستیشی ڕاسپارد کە ڕێنماییە تەندروستیيەکانیان لەمبارەیەوە ڕێکبخەنەوە و بە ھامەھەنگيی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری بەردەوام بن لە ھەڵمەتەکانی ھۆشیارکردنەوەی خۆپارێزیی و وەزارەتی دارایی وئابووری و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش، ڕاسپێردران کار بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستی دارایی بۆ ئەم پرۆسەیە بە ھەماھەنگی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی."