گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ماکرۆن لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە کۆدەبێتەوە: هاتوم بۆ پشتیوانیکردنى عێراق

2020.09.02 - 12:36
ماکرۆن لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە کۆدەبێتەوە: هاتوم بۆ پشتیوانیکردنى عێراق

ناس کورد-

 

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەڕەنسا جەختیکردەوە سەردانەکەى بۆ عێراق بەمەبەستى پێشکەشکردنى پشتیوانییە بەو وڵاتە.

 

ماکرۆن کە ئەمڕۆ بەسەردانێکى فەرمى گەیشتە بەغدا لە تویتێکدا نوسیویەتى "لەبەغدا، خۆشحاڵم بەوەى بۆ یەکەمجارە سەردانى عێراق دەکەم، هاتووم بۆ پێشکەشکردنى پشتیوانى بە عێراق لەکاتى ئاڵنگارییەکاندا".

 

ماکرۆن دواى گەیشتنى بەبەغدا، لەکۆشکى بەغدا لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراق پێشوازى لێکرا و لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە کۆدەبێتەوە.

 

هەروەها بڕیارە لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش کۆبێتەوە کە بۆ بینینى ماکرۆن گەیشتووەتە بەغدا.

 

کۆشکى سەرۆکایەتى لەبەغدا ئامادەکارییەکى ئاست بەرزى بەخۆوە بینى بۆ پێشوازى لە ماکرۆن.

 

ماکرۆن درەنگانى شەوى ڕابردوو لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا لە بەیروتى پایتەختى لوبنان ڕایگەیاندبوو "لە سەردانەکەمدا بۆ عێراق بە هاوکارى لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان دەستپێشخەرییەک بۆ پشتیوانى لە سەروەرى ئەو وڵاتە ڕادەگەیەنین".    

  

لەبارەى دەستگیرکراوە جیهادییە فەڕەنسییەکان لە زیندانەکانى عێراق، ماکرۆن باسى لەوەکردبوو "ئەوان کە بە ڕەزامەندى خۆیان چونەتە دەرەوەى وڵات و کارى تیرۆریستیان کردووە لە وڵاتێکى خاوەن سەروەرى، پێویستە لەو وڵاتە دادگایی بکرێن".    

  

لەکۆى 150 هاوڵاتى فەڕەنسى دەستگیرکراو بەتۆمەتى بوونى پەیوەندیان بە داعشەوە لە سوریا و عێراق، زۆربەیان لە سەربازگە و بنکەکانى سەر بە ئیدارەى کوردى ڕۆژئاواى کوردستان زیندانیکراون، لەکاتێکدا 11 جیهادى فەڕەنسى لە عێراق سزاى لەسێدارەدانیان بۆ دەکراوە.    

  

چەند سەرچاوەیەکى حکومى عێراقى بە ئاژانسى فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، سەردانەکەى ماکرۆن گوزارشتە لە وەستانى ئەو وڵاتە لە تەنشیت عێراق لەو قەیرانەدا کە روبەڕووى بووەتەوە.        

  

ماکرۆن باڵاترین بەرپرسە  سەردانى عێراقى کردبێت، لەوکاتەوە کە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران چووەتە سەر کورسی سەرۆکوەزیران.       

  

سەرچاوەکانى حکومەتى عێراق دەڵێن، ماکرۆن لەسەردانەکەیدا چاوى بە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دەکەوێت.        

  

بەوتەى سەرچاوە عێراقییەکان، لەسەردانەکەى ماکرۆندا جەخت لە سەروەرى عێراق دەکرێتەوە، لەگەڵ سوربوونى بەغدا بۆ گرتنەبەرى رێگەیەکى سەربەخۆ دوور لە بەرەنگاربوونەوەى هەردوو هاوپەیمانەکەى کە پێکهاتوون لە واشنتن و تاران.        

  

ئەو پەیامە رەنگدانەوەى پەیامەکەى فەڕەنسا دەبێت کە وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا هەڵگیرتبوو، کە تێیدا جەختیکردبووەوە لەسەر ئەوەى بەغدا خۆى بەدور بگرێت لەهەر گرژییەکى هەرێمایەتى.        

  

هەروەها لەم مانگەدا فلورنس بارلى وەزیرى بەرگرى فەڕەنسا سەردانى عێراقى کرد و چاوى بەبەرپرسانى بەغدا و هەرێمى کوردستان کەوت.