گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نێچیرڤان بارزانى لە بەغدا لەگەڵ کازمى و حەلبوسى کۆبووەوە

2020.09.02 - 12:13
نێچیرڤان بارزانى لە بەغدا لەگەڵ کازمى و حەلبوسى کۆبووەوە

ناس کورد-

 

نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هەریەکە لە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق و محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان کۆبووەوە.

 

ئامانج لەسەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى کۆبوونەوەیە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەڕەسنا کە سەرلەبەیانى ئەمڕۆ بەسەردانێک گەیشتە بەغدا.

 

فارس عیسا، نوێنەری حکومەتى هەرێم لە بەغدا دوێنێ بە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو، هۆکاری سەردانەکەى سەرۆکى هەرێم بۆ بینینی ماکرۆن و شاندەکەى یاوەرێتی چونکە پێشتر ڕایگەیاندووە کە ناتوانێت سەردانی هەرێم بکات، بەڵام دەیەوێت بەرپرسانی هەرێمیش ببینێت. 

 

ماکرۆن درەنگانى شەوى ڕابردوو لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا لە بەیروتى پایتەختى لوبنان ڕایگەیاندبوو "لە سەردانەکەمدا بۆ عێراق بە هاوکارى لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان دەستپێشخەرییەک بۆ پشتیوانى لە سەروەرى ئەو وڵاتە ڕادەگەیەنین".  

  

لەبارەى دەستگیرکراوە جیهادییە فەڕەنسییەکان لە زیندانەکانى عێراق، ماکرۆن باسى لەوەکردبوو "ئەوان کە بە ڕەزامەندى خۆیان چونەتە دەرەوەى وڵات و کارى تیرۆریستیان کردووە لە وڵاتێکى خاوەن سەروەرى، پێویستە لەو وڵاتە دادگایی بکرێن".  

  

لەکۆى 150 هاوڵاتى فەڕەنسى دەستگیرکراو بەتۆمەتى بوونى پەیوەندیان بە داعشەوە لە سوریا و عێراق، زۆربەیان لە سەربازگە و بنکەکانى سەر بە ئیدارەى کوردى ڕۆژئاواى کوردستان زیندانیکراون، لەکاتێکدا 11 جیهادى فەڕەنسى لە عێراق سزاى لەسێدارەدانیان بۆ دەکراوە.  

  

چەند سەرچاوەیەکى حکومى عێراقى بە ئاژانسى فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، سەردانەکەى ماکرۆن گوزارشتە لە وەستانى ئەو وڵاتە لە تەنشیت عێراق لەو قەیرانەدا کە روبەڕووى بووەتەوە.      

  

ماکرۆن باڵاترین بەرپرسە  سەردانى عێراقى کردبێت، لەوکاتەوە کە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران چووەتە سەر کورسی سەرۆکوەزیران.     

  

سەرچاوەکانى حکومەتى عێراق دەڵێن، ماکرۆن لەسەردانەکەیدا چاوى بە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دەکەوێت.      

  

بەوتەى سەرچاوە عێراقییەکان، لەسەردانەکەى ماکرۆندا جەخت لە سەروەرى عێراق دەکرێتەوە، لەگەڵ سوربوونى بەغدا بۆ گرتنەبەرى رێگەیەکى سەربەخۆ دوور لە بەرەنگاربوونەوەى هەردوو هاوپەیمانەکەى کە پێکهاتوون لە واشنتن و تاران.      

  

ئەو پەیامە رەنگدانەوەى پەیامەکەى فەڕەنسا دەبێت کە وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا هەڵگیرتبوو، کە تێیدا جەختیکردبووەوە لەسەر ئەوەى بەغدا خۆى بەدور بگرێت لەهەر گرژییەکى هەرێمایەتى.      

  

هەروەها لەم مانگەدا فلورنس بارلى وەزیرى بەرگرى فەڕەنسا سەردانى عێراقى کرد و چاوى بەبەرپرسانى بەغدا و هەرێمى کوردستان کەوت.