گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چاکسازییەکانی کازمی کاری خۆی کرد

داهاتى 10 خاڵى سنورى عێراق ’’لە مانگێکدا 107 ملیار دینارى تێپەڕاند’’

2020.09.02 - 11:40
داهاتى 10 خاڵى سنورى عێراق ’’لە مانگێکدا 107 ملیار دینارى تێپەڕاند’’

ناس کورد-

دەستەى خاڵە سنورییەکانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەماوەى مانگى ئابدا لەڕێگەى  گومرگ و باجەوە زیاتر لە 107 ملیار دینار بەدەستهاتووە.

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا دەستەى خاڵە سنورییەکانى عێراق ئاشکرایکردووە، تێکڕاى داهاتى مانگ ڕابردووى 10 خاڵى سنوریی لەکۆى 21 خاڵى سنورى کە زۆربەیان بەهۆى پەتاکەوە داخراون، گەیشتووەتە 107 ملیار و 269 ملیۆن و 418 هەزار دینارى عێراقى.

 

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، داهاتەکە لەڕێگەى گومرگ و باجەوە بەدەستهاتووە لەماوەى مانگى ئابى ساڵى 2020 و لەچاو مانگى تەمموزى ڕابردوو 10 ملیار دینار داهات زیادیکردووە.

 

دەستەى خاڵە سنورییەکان ئەوەشى ڕاگەیاندووە، هەر لەمانگى ئابدا نزیکەى 225 سەرپێچى تۆمارکراوە وەکو یاریکردن بەکێش نەبونى مۆڵەتى هاوردەکردن و قاچاخى بەچەند کەرەستەیەکەوە کە مۆدیلەکانیان ناگرێتەوە ساختە لە چەند مامەڵەیەکى گومگى و وەسڵ و چەند خزمەتگوزارییەکى دیکە.

 

دەستەکە جەختى لەوەش کردووەتەوە، بەردەوام هەوڵى زۆرکردنى داهاتى دەوڵەت دەدەن بۆ چارەسەر کردنى ئەو قەیرانە داراییە کە عێراقى پێداتێپەڕدەبێت.

 

ماوەى دوو مانگە دەستەى گشتى گومرگى عێراق سەرپەرستى راستەوخۆى داهاتى گومرگ دەکات لەخاڵە سنورییەکان، دواى ئەوەى بەفەرمانى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران سوپا کۆنترۆڵى دەروازەکانى کرد.  

 

دەستەى گشتى گومرگ لەئێستادا رۆژانە داهاتى گشتى خاڵە گومرگییەکان بڵاودەکاتەوە کە بەشێوەیەکى گشتى رۆژانە لەنێوان دوو بۆ چوار ملیار دیناردایە.  

 

پێشتر خالد سەڵاح، بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندبوو "داهاتى گومرگ لەسەرتاسەرى خاڵە سنورییەکان بەرزبوونەوەیەکى بەرچاو بەخۆوە دەبینن لەچەند مانگى داهاتوودا بەرێژەى %40 بەراورد بە هەمان ماوەى ساڵى ڕابردوو".