گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆکار چییە؟

ئەمریکا بەشداری دەستپێشخەریی نێودەوڵەتی بۆ دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا ناکات

2020.09.02 - 11:34
ئەمریکا بەشداری دەستپێشخەریی نێودەوڵەتی بۆ دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا ناکات

ناس کورد-

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا رەتیکردەوە بەشدارى بکات لە دەستپێشخەرییەکى زانستى بۆ گەشەپێدانى ڤاکسینى دژى کۆرۆنا، کە لەلایەن رێکخراوى تەندروستى جیهانییەوە سەرۆکایەتى دەکرێت کە واشنتن تۆمەتباریدەکات بە گەندەڵى و کەوتنەژێر کاریگەرى چینەوە.

 

دەستپێشخەرییەکە ناوى "كوفيكس"ـە و لەلایەن ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانییەوە گەشەى پێدەدرێت بە هاوکارى لەگەڵ دەیان وڵات لەپێناو بەرەنگاربوونەوەى پەتاى کۆرۆنا و خێراکردنى پڕۆسەى گەشەپێدان و تاقیکردنەوەى ڤاکسینەکان و دابەشکردنى بەسەر وڵاتاندا بەیەکسانى.

 

ڕۆژنامەى (واشنتن پۆست)ى ئەمریکى لەزارى وتەبێژى کۆشکى سپیەوە گواستیەوە، ئەمریکا بەشدارى لەو دەستپێشخەرییەدا ناکات.

 

وتیشى، "توێژینەوە و گەشەپێدان لە بوارى گەشەپێدانى ڤاکسین و چارەسەر بەخێرایی پێشدەکەوێت، ناکرێت بیرۆکرایەتییەتى حکومى پەکی بخات".

 

وتەبێژى کۆشکى سپى جەختیکردەوە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەکارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانى بۆ شکستهێنان بە کۆرۆنا، بەڵام پابەندنابێت بەهەندێ دەستەى جۆراوجۆرەوە کە لەژێر کاریگەرى رێکخراوى تەندروستى جیهانى و چیندان.

 

رێکخراوى تەندروستیی جیهانى مانگى ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە 170 وڵات گفتوگۆ دەکەن لەگەڵ رێکخراوەکە لەپێناو بەشداریکردن دەستپێشخەرى "كوفيكس"دا.

 

ئەمریکا کە گەورەترین یارمەتیدەرى دارایی رێکخراوەکەیە، لەچەند مانگى ڕابردوودا کشانەوەى خۆى لەو رێکخراوە ڕاگەیاند و تۆمەتباریکرد بە لایەنگرى چین.

 

شارەزایانى تەندروستى جیهانى دەڵێن، هۆکارى رەتکردنەوەى ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لەو دەستێشخەرییە، گرەوکردنە لەسەر گەشەپێدانى ڤاکسینى تایبەت بەخۆى، هانى وڵاتانیش دەدات هەمان کار بکەن، ئەوەش دەبێتە هۆى هەڵگرتنى ڕێژەیەکى گەورەى ڤاکسین و بەرزبوونەوەى نرخەکەى.

 

سویرى مون بەڕێوەبەرى سەنتەرى توێژینەوە سەر بە رێکخراوى تەندروستى جیهانى لە جنێف وتى "بەشدارینەکردنى ئەمریکا لەو دەستپێشخەرییە گورزێکى گەورەیە لە هەوڵە جیهانییەکان بۆ دابینکردنى ڤاکسین".