گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لە سلێمانى ڕۆژانە 60 خێزان خۆیان تۆمار دەکەن بۆ جێهێشتنى کامپەکان

حکومەتى عێراق دەیەوێت ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە ناوچەکانى خۆیان

2019.04.25 - 12:32
حکومەتى عێراق دەیەوێت ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە ناوچەکانى خۆیان

ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح

ئەو ئاوارەنەى لە کامپەکانى سنورى سلێمانى نیشتەجێبوون، لە هەوڵى گەڕانەوەدان بۆ زێدى خۆیان، بەڕێوەبەرى کۆچوکۆچبەرانى سلێمانیش دەڵێت، لیژنەیەکى هاوبەشى پەرلەمان و حکومەتى عێراق پێکهێندراوە بۆ گەڕانەوەى ئاوارەکان لە هەرێمەوە بۆ ناوچەکانى خۆیان.

.

چیا حسێن بەڕێوەبەری كۆچوكۆچبەرانی سلێمانی تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند: "لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق پێش چەند ڕۆژێك سەردانی كەمپی ئاوارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیان كردووە، سەردانەکەش بە مەبەستی ئاسانكاری و هاندانی ئاوارەكان بوە بۆ ناوچەكانی خۆیان".

.

بەڕێوەبەری كۆچوكۆچبەرانی سلێمانی ئاماژەى بەوەشکرد، ئەندامانى پەرلەمانى عێراق لەئەنجامی سەردانەكەیاندا چەند ڕاپۆرتێکیان ئاڕاستەی وەزارەتەكانی پەروردە و تەندروستی و ناوخۆی عێراق كردووە، بۆ ئەوەى کەشێکى لەبار بڕەخسێندرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ پاریزگاكانی خۆیان.

.

"ژمارەی ئاوارەكانی سنوری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەپێی دوایین ئامار لە 60 هەزار ئاوارەوە كەمبۆتەوە بۆ 40 هەزار ئاوارە و لەئێستاشدا پرۆسەى خۆتۆمارکردن بۆ گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ زێدى خۆیان زۆر زیادیکردووە"، چیا حسێن واى وت.

.

وتیشى: "ڕۆژانە زیاتر لە 60 خێزانی ئاوارە سەردانمان دەكەن بۆ پێشكەشكردنی داواكاری بۆ گەرانەویان بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو ڕێژەیەکى زۆر زیادیكردووە، چونکە پێشتر لە 5 خێزان تێپەرى نەدەكرد".

.

لەئێستادا حكومەتی عێراق بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار، وەک هاوکارى دەدات بەو خێزانانەى دەگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان.

.

لە ڕاگەیەندراوێشکدا لیژنەی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و كۆچوکۆچبەرانی پەرلەمانی عێراق، ڕایانگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كۆچوكۆچبەرانی عێراق  پلانیان هەیە، تا كۆتایی ساڵى 2019 زیاتر لە 90 هەزار خێزانی ئاوارە بگەرێننەوە ناوچەكانی خۆیان، حكومەتی عێراقیش بڕی 420 ملیار دیناری بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە.