گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئاڵۆزییەکانى لیبیا بەکوێ گەشتن؟ هێزەکانى حەفتەر لە پاشەکشێدان

2019.04.25 - 11:28
App store icon Play store icon Play store icon
ئاڵۆزییەکانى لیبیا بەکوێ گەشتن؟ هێزەکانى حەفتەر لە پاشەکشێدان

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

دوای ئەوەى سەرەتای ئەم مانگە، هێزەکانى خەلیفە حەفتەر ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنی تەرابلوسی پایتەختی لیبیایان دەستپێکرد کە لەژێر دەستى حکومەتی ئاشتەوایی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیدایە، تاوەکو ئێستا شەڕ و پێکدانی قورس لەنێوان هەردوولا لە دەوروبەری پایتەخت بەردەوامە و هێزەکانى حەفتەریش لە پاشەکشێدان.

بەپێی هەواڵێکى ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەک لە هێزەکانى حکومەتى ئاشتەوایی لیبیا ڕایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە پاشەکشێ بە هێزەکانى حەفتەر بکەن لە باشوری تەرابلوس کە ئەوەش پێشهاتێکى سەربازیی گرنگە و پێچەوانەى خواستی حەفتەرە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پایتەخت و بوون بە دەسەڵاتداری لیبیا، هاوکات بەپێی وتەى شایەتحاڵەکان بۆ ڕۆیتەرز، شارۆچکەى عەزیزییە لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی حکومەتى ئاشتەوایی نیشتمانیدایە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، هێزەکانى حکومەتى ئاشتەوایی زیاتر لە 60 کیلۆمەتر پاشەکشێیان بە هێزەکانى حەفتەر کردووە بەرەو باشوری ڕۆژئاوای تەرابلوسی پایتەخت.

.

شەڕ و ئاڵۆزییەکان بەردەوامن

هەرچەندە زیاتر لە سێ هەفتەیە ئۆپراسیۆنەکەى خەلیفە حەفتەر بۆسەر تەرابلوس دەستپێکردووە، بەڵام سەرباری شەڕی قورس و گران، تائێستا نەیانتوانیوە هێڵی بەرگریی شارەکە تێکبشکێنن.

لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، هێزەکانى حکومەتى ئاشتەوایی نیشتمانی هێزەکانى حەفتەیان لە چەند بەرەیەکەوە ناچار بە کشانەوە کرد، بەڵام شەڕ و پێکدادان لە چەند ناوچەیەکى باشوری پایتەخت بەردەوامە و دەنگی چەند تەقینەوە و بۆردومانێک لە چەند شارۆچکە و تەنانەت تەرابلوسی پایتەختیش بیستراوە.

.

حکومەتەکەى تەرابلوس ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە

فایز سەراج، سەرۆکى حکومەتى ئاشتەوایی نیشتمانی هەر داوا و دەستپێشخەرییەکى بۆ وەستاندنی شەڕ ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە سەرجەم بەرەکانەوە پێشڕەوییان کردووە.

سەراج وتیشى، "هەڵوێستى ئەنجومەنى سەرکردایەتى ڕوون و جێگیرە کە ڕوبەڕوبوونەوەى دەستدرێژییەکانە و گەڕاندنەوەیانە بۆ ئەو شوێنەى لێوەى هاتوون."

.

ئاماری کوژراو و برینداران بەرزبووەتەوە

بەپێی ئامارە فەرمییەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕۆژی 5ی نیسانەوە تا ئێستا، 264 کەس کوژراون کە 21 کەسیان مەدەنین و هەزار 266 کەسیش برینداربوون کە 69 کەسیان هاوڵاتی مەدەنین، هاوکات نزیکەى 32 هەزار هاوڵاتی ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە و ئاوارە بوون.

.

پلانەکەى حەفتەر شکستی هێنا؟

پێشهات و گۆڕانکارییەکانى گۆڕەپانى شەڕ ڕێگرن لە پلانەکەى حەفتەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەرابلوس و بوونە دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە، هاوکات پێدەچێت کاریگەری بۆسەر پشتگیریی و لایەنگیری وڵاتانی جیهان هەبێت بۆ هەردوو لایەنى شەڕکەری لیبیا.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای وەستاندنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەکات هەرچەندە هێشتا پانتاییەکى گەورەی خاکی لیبیا لەدەستى هێزەکانى حەفتەردایە.