گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ماکرۆن دەستپێشخەرییەک لە عێراق ڕادەگەیەنێت

2020.09.02 - 08:06
App store icon Play store icon Play store icon
ماکرۆن دەستپێشخەرییەک لە عێراق ڕادەگەیەنێت

ناس کورد-

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەڕەنسا ئەمڕۆ دەستپێشخەرییەک لە عێراق ڕادەگەیەنێت بەمەبەستى پشتیوانى لە سەربەخۆیی ئەو وڵاتە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماکرۆن درەنگانى شەوى ڕابردوو لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا لە بەیروتى پایتەختى لوبنان وتى، "لە سەردانەکەمدا بۆ عێراق بە هاوکارى لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان دەستپێشخەرییەک بۆ پشتیوانى لە سەروەرى ئەو وڵاتە ڕادەگەیەنین".

 

لەبارەى دەستگیرکراوە جیهادییە فەڕەنسییەکان لە زیندانەکانى عێراق، ماکرۆن وتى، "ئەوان کە بە ڕەزامەندى خۆیان چونەتە دەرەوەى وڵات و کارى تیرۆریستیان کردووە لە وڵاتێکى خاوەن سەروەرى، پێویستە لەو وڵاتە دادگایی بکرێن".

 

لەکۆى 150 هاوڵاتى فەڕەنسى دەستگیرکراو بەتۆمەتى بوونى پەیوەندیان بە داعشەوە لە سوریا و عێراق، زۆربەیان لە سەربازگە و بنکەکانى سەر بە ئیدارەى کوردى ڕۆژئاواى کوردستان زیندانیکراون، لەکاتێکدا 11 جیهادى فەڕەنسى لە عێراق سزاى لەسێدارەدانیان بۆ دەکراوە.

 

چەند سەرچاوەیەکى حکومى عێراقى بە ئاژانسى فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، سەردانەکەى ماکرۆن گوزارشتە لە وەستانى ئەو وڵاتە لە تەنشیت عێراق لەو قەیرانەدا کە روبەڕووى بووەتەوە.    

  

ماکرۆن باڵاترین بەرپرسە  سەردانى عێراق بکات، لەوکاتەوە کە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران چووەتە سەر کورسی سەرۆکوەزیران.   

  

سەرچاوەکانى حکومەتى عێراق دەڵێن، ماکرۆن لەسەردانەکەیدا چاوى بە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دەکەوێت.    

    

بەوتەى سەرچاوە عێراقییەکان، لەسەردانەکەى ماکرۆندا جەخت لە سەروەرى عێراق دەکرێتەوە، لەگەڵ سوربوونى بەغدا بۆ گرتنەبەرى رێگەیەکى سەربەخۆ دوور لە بەرەنگاربوونەوەى هەردوو هاوپەیمانەکەى کە پێکهاتوون لە واشنتن و تاران.    

  

ئەو پەیامە رەنگدانەوەى پەیامەکەى فەڕەنسا دەبێت کە وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا هەڵگیرتبوو، کە تێیدا جەختیکردبووەوە لەسەر ئەوەى بەغدا خۆى بەدور بگرێت لەهەر گرژییەکى هەرێمایەتى.    

  

هەروەها لەم مانگەدا فلورنس بارلى وەزیرى بەرگرى فەڕەنسا سەردانى عێراقى کرد و چاوى بەبەرپرسانى بەغدا و هەرێمى کوردستان کەوت.