گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’شەڕی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا دێنێت’’

پەکەکە: چاوەڕێی وەڵامی پارتین و بابەتەکە جدییە

2020.09.01 - 23:00
پەکەکە: چاوەڕێی وەڵامی پارتین و بابەتەکە جدییە

ناس کورد-

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەیاند، تائێستا پارتی وەڵامی پەیامەکەیان لەبارەی داگیرکارییەکانی تورکیاوە نەداونەتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سیاسەتەی پارتی دەیکات زۆر هەڵەیە و شەڕی ناوخۆ بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

قەرەیلان لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی دەنگی وڵات ڕایگەیاند: "لەماوەی ڕابردوودا کەجەکە پەیامێکی ئاڕاستەی پارتی کرد دەربارەی پرسی داگیرکارییەکانی تورکیا، بەڵام تائێستا بەفەرمی وەڵاممان نەدراوەتەوە."

 

زانیاری زیاتر: پەکەکە پارتی تۆمەتبار دەکات: هەموو زانیارییەکان دەڵێن دەستی لە هێرشەکانی سیدەکاندا هەیە
 

وتیشی: "لە هەندێک لە دەزگاکانی خوارەوەیان دەقی وەڵامەکان بڵاو کرایەوە، ئەمە وەڵام نییە و چارەسەرییەکان بەم شێوەیە پێشناکەون، کێشەکە گرنگ و جدییە، ئەو بانگەی کە لەلایەن هاوسەرۆکانمانەوە کراوە زۆر گرنگە و بە دڵنیاییەوە دەبێت بە گوێرەی ئەوە هەڵوێست نیشانبدرێت، ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی پارتی دەکەین."

 

قەرەیلان ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەو سیاسەتەی پارتی دەیکات هەڵەیە، لەو ڕاگەیاندراوەدا کە ئاڕاستەمان کردوون خاڵی دەستنیشانکراوی گرنگ هەیە، هەم هۆشدارین و هەم بانگەوازن بۆ چارەسەر، ئەو دۆخەی کە ئێستا هەیە شیکاریی بۆ کراوە و ڕێگاچارەشی بۆ دەستنیشان کراوە."

 

ڕونیشیکردووەتەوە: "ئەو سیاسەتە وەک سیاسەتی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیە، واتا زەمینە و بوار بۆ شەڕی ناوخۆ دەرەخسێنێت، ئەوە زۆر مەترسیدارە کە نە ئێمە و نە گەلەکەمان نایەوێت بڵاو ببێتەوە و ڕووبدات."

 

موراد قەرەیلان جەختیشیکردووەتەوە: "کێشەکان گرنگ و جدین و لەسەر جوگرافیای کوردستان گەمەی قووڵ بەڕێوەدەچێت، واتا ئەو بابەتە شتێکی وا سادە و ئاسایی نییە، دەبیت بەرفراوانتر لێکبدرێتەوە و نزیکایەتیی تاکتیکی نەکرێت، پێویستی بە نزیکایەتیی ستراتیژییانە هەیە،"

 

ئەو بەرپرسەی پەکەکە ئاماژەی بەوەشكردووە: "گرنگە سەرۆکایەتی پارتی بیر لەو بابەتانە بکاتەوە، لەم کاتە مێژوویییە گرنگەدا کە کورد بە بانگەشەیەکی گەورە چووەتە سەر تەختە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە،  دۆخێکی زۆر جدییە، کە پارتی ببێتە بەشێک لە پیلانەکانی تورکیا بۆ پاکتاوکردنی پەکەکە و هاوکاریی دەوڵەتی تورک بکات."

 

قەرەیلان لە درێژەی وتەکانیدا هۆشداریداوە لەوەی: "ئەو سیاسەتەی ئیستای پارتی دەبێتە هۆی ئەوەی گەلەکەمان سەدەی 21یشی لە دەست بچێت و لە ئاستێکی ستراتیژیدا بدۆڕێت، بۆیە دەبێت هەموو کەس لەو بابەتەدا بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە، ئەگەر لە هەڵەدا بەردەوام بن بێگومان کەس ناتوانێت لەژێر باری گوناهەکەی دەربچێت، بۆیە پێویستە بە دڵنیاییەوە ڕێگری لەوە بکرێت، چونکە ئەو دۆخە هەم ئەنجامی خراپ لەگەڵ خۆی دەهێنێت و هەمیش هەموو کورد دەدۆڕێت، واتا تەنها کێشەی نێوان دوو پارت نییە، بەڵکو کێشەیەکە پەیوەندیی بە هەموو کوردستانەوە هەیە و پەیوەندیی بە داهاتوو و چارەنووسی گەلی کوردەوە هەیە."

 

جەختیشیکردووەتەوە: " ئەگەر کوردێک، کوردێک بکوژێت ئەوە زۆر هەڵەیە و شتیکی زۆر خراپە، بەڵام ئەگەر کوردێک سیخوڕی بۆ دوژمنی کوردێکی دیکە بکات و بە دەستی ئەو بکوژرێت، ئەوە زۆر خراپترە و ئەوە ڕێبازێکی مەردانە نییە، بۆیە دەبێت پێشی لێ بگیردرێت و ڕابوەستێنرێت."

 

هاوکات قەرەیلان لەبارەی هەڵوێستی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە باسی لەوەکردووە: "گەلی باشوری کوردستان و هەموو گەلی کوردستان لە بابەتی نەتەوەیی لەمشێوەیەدا زۆر هەستیارن، بە تایبەتی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان باجی زۆری داوە و ئازاری شەڕی ناخۆیی زۆر کێشاوە، گەلێکی فیداکارە و بە دوای چارەسەریدا دەگەڕێت، بەو بۆنەیەوە سڵاو لە گەلەکەمان لە باشوری کوردستان دەکەین، لە ڕاستیدا، هەڵوێستی خۆیان لە ئاستی عەشیرەتەکان و لە ئاستی پێشەنگە کۆمەڵایەتییەکان و کەسایەتییەکاندا دەخەنەڕوو ئەوەش هەڵوێستێکی ڕێزدارانەیە."