گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد هۆکاری سەردانەکەى سبەینێی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات

2020.09.01 - 20:47
ناس کورد هۆکاری سەردانەکەى سبەینێی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

نوێنەری حکومەتى هەرێم لە بەغدا ئاشکرایکرد، سبەینێی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمی کوردستان و هەردوو جێگرەکەى مستەفای سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا سەردانی بەغدا دەکەن و لەوێ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەڕەنسا و بەرپرسانی عێراقی کۆدەبنەوە. 

 

فارس عیسا، نوێنەری حکومەتى هەرێم لە بەغدا بە ناس کوردی وت، هۆکاری سەردانەکەى سەرۆکى هەرێم بۆ بینینی ماکرۆن و شاندەکەى یاوەرێتی چونکە پێشتر ڕایگەیاندووە کە ناتوانێت سەردانی هەرێم بکات، بەڵام دەیەوێت بەرپرسانی هەرێمیش ببینێت.

 

چاوەڕوان دەکرێت ماکرۆن سبەینێ بگاتە عێراق کە ئەوەش یەکەم سەردانى فەرمییەتی بۆ عێراق.  

  

چەند سەرچاوەیەکى حکومى عێراقى بە ئاژانسى فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، سەردانەکەى ماکرۆن گوزارشتە لە وەستانى ئەو وڵاتە لە تەنشیت عێراق لەو قەیرانەدا کە روبەڕووى بووەتەوە.  

  

ماکرۆن دەبێتە بەرزترین بەرپرس کە سەردانى عێراق بکات، لەوکاتەوە کە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران چووەتە سەر کورسی سەرۆکوەزیران، سەردانەکەش دواى رۆژێک دەبێت لەسەردانەکەى بۆ بەیروت.  

  

سەرچاوەکانى حکومەتى عێراق دەڵێن، ماکرۆن لەسەردانەکەیدا چاوى بە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دەکەوێت.  

  

هەروەها دوو بەرپرسى حکومەتى عێراق جەختیان لەو سەردانە کردووەتەوە، بەڵام کۆشکى سەرۆکایەتى فەڕەنسا هێشتا سەردانەکەى پشتڕاستنەکردووەتەوە.  

  

بەوتەى سەرچاوە عێراقییەکان، لەسەردانەکەى ماکرۆندا جەخت لە سەروەرى عێراق دەکرێتەوە، لەگەڵ سوربوونى بەغدا بۆ گرتنەبەرى رێگەیەکى سەربەخۆ دوور لە بەرەنگاربوونەوەى هەردوو هاوپەیمانەکەى کە پێکهاتوون لە واشنتن و تاران.  

  

ئەو پەیامە رەنگدانەوەى پەیامەکەى فەڕەنسا دەبێت کە وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا هەڵگیرتبوو، کە تێیدا جەختیکردبووەوە لەسەر ئەوەى بەغدا خۆى بەدور بگرێت لەهەر گرژییەکى هەرێمایەتى.  

  

هەروەها لەم مانگەدا فلورنس بارلى وەزیرى بەرگرى فەڕەنسا سەردانى عێراقى کرد و چاوى بەبەرپرسانى بەغدا و هەرێمى کوردستان کەوت.  

  

بەوتەى سەرچاوەکان، پێشبینیدەکرێت سەرکردە کوردەکانى عێراق بچنە بەغدا بۆ بینین و کۆبوونەوە لەگەڵ ماکرۆندا، بەو پێیەى ماکرۆن ناچێتە هەولێر هاوشێوەى زۆربەى ئەو بەرپرسە بیانیانەى سەردانى عێراق دەکەن.