ناس کورد-
بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپەی سەر بەقەزای خانەقین ڕایگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە لە گوندێکی سەربە ناحییەکە، پیاوێک هاوسەرەکەی خۆی بەدەسترێژی گولـلە کوشتووە و دواتریش کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە،1ی ئەیلولی 2020، وەسفی تەمیمی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرتەپەی سەربە قەزای خانەقین لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە ناحییەکە، پیاوێک بە دەسترێژی گولـلە هاوسەرەکەی خۆی کوشتووە و دواتریش گولـلەیەکی بەخۆیەوە ناوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".
وتیشی: "پیاوەکە لە ناوەڕاستی تەمەنیدا بووە و باری دەرونییشی تەواو نەبووە، بەهۆی بە شودانی کچەکەی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بەشەڕ هاتووە و لە ئاکامدا هاوسەرەکەی بە گولـلە کوشتووە".
بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە ئاماژەی بەوەشکرد: "دوای ئاگادارکردنەوەمان لە ڕووداوەکە هێزەکانی پۆلیس ڕاستەوخۆ چوونەتە شوێنی مەبەست و هەردوو تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ پزیشکی دادی لە پارێزگای دیالە، لەئێستاشدا پەڕاوی لێکوڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە."