گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سزاکانی ئەمریکا 10 ملیار دۆلار زەرەری لە داهاتی نەوت ئێران داوە

2019.04.25 - 10:23
 سزاکانی ئەمریکا 10 ملیار دۆلار زەرەری لە داهاتی نەوت ئێران داوە

ناس کورد-

برایان هۆک، نوێنەری تایبەتى ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و ڕاوێژکاری سیاسەتى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا ڕایگەیاند، سزاکانى ئەمریکا بۆسەر ئێران، زەرەری 10 ملیار دۆلاری لە داهاتی نەوتی ئێران داوە.

قسەکانى برایان هۆک دوای ڕاگەیاندنی کۆتایی ماوەى بەخشینی ئەو وڵاتانە دێت لە سزاکانى ئەمریکا کە ڕێگەپێدراوبوون نەوتی ئێران هاوردەبکەن، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە هەر وڵاتێک نەوتی ئێران بکڕێت، ڕوبەڕوی سزای ئەمریکا دەبێتەوە و دەبێت وڵاتان خۆیان بەدور بگرن لە کڕینی نەوتی ئێران.

.

ڕۆژی دووشەممە، مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەى کاردەکات بۆئەوەى ئاستى هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ سفر دابەزێنێت، چونکە بە وتەى ئەو، ئێران داهاتی نەوت بەکاردەهێنێت بۆ پشتگیریکردنی تیرۆر لە ناوچەکە.

پۆمپیۆ وتیشی، ئەمریکا لە هەوڵی قەرەبووکردنەوەی کەمی نەوت لە بازاڕی جیهانی و هەوڵی پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە دەدەن تاوەکو ڕێگری لە بەرزبوونەوەى نرخی نەوت بگرن.

.

لەدوای بڕیارەکەى ئەمریکا، عەلی خامنەئی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، ئێران دەتوانێن هەرچەندەی بیەوێت و پێویست بێت نەوت هەناردە بکات.

خامنەئی وتیشى، هەوڵەکانى ئەمریکا بۆ سزادانى ئێران هیچی لێ سەوز نابێت.

لەلایەکى دیکەوە، لاری کودلو، یەکێک لە ڕاوێژکارانى ئابوری کۆشکی سپی ڕایگەیاند، بڕیارەکەى ترەمپ بۆ کۆتایی هێنان بە بەخشینی وڵاتان لە سزاکانى سەر ئێران نابێتە هۆی بەرزکردنەوەى نرخی نەوت و پشتگیری تەواوی بازاڕی نەوتی جیهانی دەکەن.