گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فەیروزی بە ’زۆر جوان وئازا’ ناوبرد

وێنە: سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی فەیروزی کرد

2020.09.01 - 15:42
وێنە: سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی فەیروزی کرد

ناس کورد-

دوای سەردانیکردنی لەلایەن سەرۆکی فەڕەنساوە، فەیروز ژنە گۆرانیبێژی بەناوبانگی  عەرەب و وڵاتی لوبنان لەواڵی فەرمی خۆی وێنەی سەردانەکەی بڵاوکردەوە، هاوکات لای خۆیەوە سەرۆکی فەڕەنسا فەیروزی بە "زۆر جوان وئازا" ناوبرد.

 

ئەمڕۆ (سێشەممە 1ی ئەیلولی 2020)  فەیروز ژنە گۆرانیبیژى بەناوبانگی عەرەب و وڵاتی لوبنان لەواڵی فەرمی خۆی وێنەی سەردانەکەی ئیمانوئیل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسای بڵاوکردووە کە دوێنێ (دووشەممە) لە میانی سەردانی دووەمی بۆ وڵاتی لوبنان سەردانی ئەو خانمە گۆرانیبیژەى کرد لە ماڵەکەی خۆی لە بەیروتی پایتەخت".

 

لای خۆیەوە ماکرۆن لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ ماڵی فەیروز بە میدیاکانی ڕاگەیاند "چۆن بەڵێنم بە فەیروزداوە هەر بەو شێوەیەش بەڵێن بەگەلی لوبنان دەدەم کە بەتەنیا بەجێیانناهێلم، هەموو تواناکانم دەخەمە گەڕ بۆ ئەوەی چاکسازییەکان لەم وڵاتە جێبەجێ بکرێن".

 

وتیشی :"فەیروز زۆر جوان و زۆر ئازاشە، قسەمان زۆر بەیەکەوە کرد دەربارەی وڵاتەکەی، ئێمە لوبنانمان خۆشدەوێت، لوبنان چاوەڕێی شتی زۆرمان لێدەکات".

 

 فەیروز لە ئێستادا تەمەنی 85 ساڵە ولە بەناوبانگترین ژنە گورانبێژەکانی جیهانی عەرەبییە و بە (دراوسێی مانگ) ناسراوە.

 

 لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا ئەمە دووەمجارە سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی لوبنان دەکات، یەکەم سەردانی پاش دوو ڕۆژ لە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت بوو کە لە 4ى مانگی ئابی ڕابردوودا ڕوویدا و بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 200 کەس و بریندارکردنی زیاتر لە شەش هەزار کەس و خاپوربوونی بەشێکی شارەکە کە لەئێستادا زیانەکان بە زیاتر لە 15 ملیاردۆلار خەملێنراوە.