گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیادبوونی خواست و کەمبوونەوەی بەهای دۆلار هۆکاری سەرەکین 

نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینى

2020.09.01 - 13:25
نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینى

ناس کورد-

بوژانەوەی بازاڕەکانی وزە، بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو و دابەزینی بەهای دۆلارى بەدواى خۆیدا هێنا و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەنزیکەی لە 1%  بەرزبوەوە.

 

ئەمڕۆ (سێشەممە،1ی ئەیلولی 2020) نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەڕێژەی 1.1% بەرزبووەوە بەجۆرێک نرخی نەوتی خاوی برێنت 47 سەنت بەرزبوەوە و لەدواین مامەڵەدا بە 45.75 دۆلار فڕۆشرا.

 

لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی 43 سەنت بەرزبوەتەوە و لە دواین مامەڵەدا بە 43.4 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەوەش نرخەکەی بەڕێژەی 1% بەرزبوەتەوە.

 

دوێنێ (دووشەممە) بەهۆی زیادبونی بەرچاوی ژمارەی توشبووانی پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا، نەوتی خاوی برێنت و تەکساس بەڕێژەی 1% دابەزینیان بەخۆوە بینی.

 

شارەزایانی بواری نەوت پێیانوایە سیاسەتی بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا کە لە ئێستادا وایکردووە بەهای دۆلار نزمترین ئاست تۆمار بکات لە ناوەڕاستی ساڵی 2018 وایکردووە سەرمایەداران و بازرگانانی کەرتی نەوت پشت بە کۆکردنەوەی دۆلار نەبەستن ئەوەش  کاریگەری بەرچاوی هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی ئەو کاڵایە.

 

هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی عەمبارکراوی ئەمریکا بەبڕی زیاتر لەدوو ملیۆن بەرمیل لە هەفتەیەکدا، بۆیە لە ئێستادا خواست لەسەر نەوت و بەرهەمەکانی زیادیان کردووە.

 

ئەوەشخراوتە ڕوو، "پاکێجى هاندانە ئابورییەکان و ئامارەکانی کەرتی پیشەسازی چین بەراورد بە پێنج مانگی ڕابردوو بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە ئەوەش وایکردووە نرخی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە".

 

لە هەفتەی رابردوو، باهۆزەکانی مارکۆ و لۆرا لە ئەمریکا کە بووە هۆی ڕاگرتنی 85%ی بەرهەمهێنانی نەوتی سەر دەریا لە کەنداوی مەکسیکۆ، نرخی نەوتی بە ئاراستەی بەرزبوونەوە هاندا و بەرزترین نرخی لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تۆمار کرد.

 

 باهۆزەکانی مارکۆ و لۆرا هەروەها بوونەتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی بە ڕێژەی 59%، کە دەکاتە ڕۆژانە 1 ملیار و 600 ملیۆن پێی سێجاى گازى سروشتى. هەروەها 189 سەکۆی نەوتی کە لەناو ئاوەکانی کەنداوی مەکسیک لەکاردابوون، داخراون.