گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چیرۆکى پاراستنى بەڵگەنامەکان و کۆکردنەوەیان

ئەمریکا شەش ملیۆن بەڵگەنامەى حزبى بەعسى رەوانەى عێراق کردەوە

2020.09.01 - 10:55
ئەمریکا شەش ملیۆن بەڵگەنامەى حزبى بەعسى رەوانەى عێراق کردەوە

ناس کورد-

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ملیۆنەها ئەرشیفى حزبى بەعسى رەوانەى عێراق کردووەتەوە، لە رێگەى فڕۆکەیەکى بارهەڵگرى سەربازییەوە، ئەوەش بەگوێرەى رۆژنامەى (وۆل ستریت جۆرناڵ)ى ئەمریکى.

 

بەگوێرەى رۆژنامەکە، ئەو هەنگاوە لەلایەن دەسەڵاتدارانى ئەمریکاوە بە نیشاندانى نیازپاکى دادەنرێت بەرانبەر مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى نوێ.

 

ئەمریکا پارێزگارى لەو ئەرشیفە کردبوو بەمەبەستى پاراستنى، لەگەڵ زیادبوونى ئاستى توندوتیژى لە بەغدا پێش 15 ساڵ لەمەوبەر، دواى دوو ساڵ لە روخانى رژێمى سەدام.

 

بەگوێرەى رۆژنامەکە، ئەو ئەرشیفە نزیکەى شەش ملیۆن بەڵگەنامە لەخۆدەگرێت و بەشێوەیەکى باش پارێزراوە بۆ ئەوەى دەستى گروپە چەکدارەکان نەکەوێت، لەئێستادا لەشوێنێکى پارێزراوى نەزانراودایە لە بەغدا.

 

ساڵى 2013، ئەمریکا ژمارەیەکى جیاوازى بەڵگەنامەى رەوانەى عێراق کردووە کە دواى روخانى سەدام پاراستبووى، ئەوەش ترس و نیگەرانى لاى توێژەرانى رۆژئاوا دروستکرد لەبارەى بەکارهێنانى بەڵگەنامەکان لەرووى سیاسییەوە لەلایەن نورى مالیکى سەرۆکوەزیرانى ئەو کاتەوە.

 

دواى ئەو ئاڵۆزیانەى عێراق لەدواى ساڵى 2003 بەخۆوەى بینى، کەنعان مەکیە ئەکادیمیستى دیار و مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى ئێستا کە ئەوکات سەرۆکى دەزگایەکى تایبەتمەند بوو بە ئەرشیف و بیروەرى عێراقى، لە بەریتانیاوە گەڕانەوە عێراق و بە هاندان و پشتیوانى ئەمریکا بەڵگەنامەکانیان گواستەوە ماڵێکى پارێزراو، ئەوەش بەپێی رۆژنامەکە.

 

بەڵام لەگەڵ زیادبوونى توندوتیژى مەزهەبی لە بەغدا، بەڵگەنامەکان رەوانەى ئەمریکا کران، لەترسی لەناوچوونى، سەرەتا لە ڤێرجینیاى خۆرئاوا پارێزرا، پێش ئەوەى رەوانەى دامەزراوەى هوفر بکرێت، کە رێکخراوێکى تایبەتمەندە لە زانکۆى ستانفۆردى کالیفۆرنیا و لەوێ پارێزرا.

 

ساڵى 2008، کۆمەڵەى پاراستنى ئەرشیفى ئەمریکى و یەکێتى ئەرشیفى کەنەدى، لە راگەیەندراوێکدا داوایانکرد بەڵگەنامەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ حکومەتى عێراقى، لەکاتێکدا ئەوکات کەنعان مەکیە ڕایگەیاندبوو حکومەت رەزامەندیداوە لەسەر دوبارە رێکخستنەوەى ئەرشیفەکە لەلایەن دامەزراوەى هوفرەوە.