گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ماکرۆن سەردانى عێراق دەکات ’’بەرپرسانى هەرێم بۆ کۆبوونەوە لەگەڵیدا دەچنە بەغدا’’

2020.08.31 - 16:45
App store icon Play store icon Play store icon
ماکرۆن سەردانى عێراق دەکات ’’بەرپرسانى هەرێم بۆ کۆبوونەوە لەگەڵیدا دەچنە بەغدا’’

ناس کورد-

 

چاوەڕواندەکرێت ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەڕەنسا رۆژى چوارشەممە سەردانى عێراق بکات، لەیەکەم سەردانى فەرمیدا بۆ ئەو وڵاتە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

چەند سەرچاوەیەکى حکومى عێراقى بە ئاژانسى فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، سەردانەکەى ماکرۆن گوزارشتە لە وەستانى ئەو وڵاتە لە تەنشیت عێراق لەو قەیرانەدا کە روبەڕووى بووەتەوە.

 

ماکرۆن دەبێتە بەرزترین بەرپرس کە سەردانى عێراق بکات، لەوکاتەوە کە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران چووەتە سەر کورسی سەرۆکوەزیران، سەردانەکەش دواى رۆژێک دەبێت لەسەردانەکەى بۆ بەیروت.

 

سەرچاوەکانى حکومەتى عێراق دەڵێن، ماکرۆن لەسەردانەکەیدا چاوى بە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دەکەوێت.

 

هەروەها دوو بەرپرسى حکومەتى عێراق جەختیان لەو سەردانە کردووەتەوە، بەڵام کۆشکى سەرۆکایەتى فەڕەنسا هێشتا سەردانەکەى پشتڕاستنەکردووەتەوە.

 

بەوتەى سەرچاوە عێراقییەکان، لەسەردانەکەى ماکرۆندا جەخت لە سەروەرى عێراق دەکرێتەوە، لەگەڵ سوربوونى بەغدا بۆ گرتنەبەرى رێگەیەکى سەربەخۆ دوور لە بەرەنگاربوونەوەى هەردوو هاوپەیمانەکەى کە پێکهاتوون لە واشنتن و تاران.

 

ئەو پەیامە رەنگدانەوەى پەیامەکەى فەڕەنسا دەبێت کە وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا هەڵگیرتبوو، کە تێیدا جەختیکردبووەوە لەسەر ئەوەى بەغدا خۆى بەدور بگرێت لەهەر گرژییەکى هەرێمایەتى.

 

هەروەها لەم مانگەدا فلورنس بارلى وەزیرى بەرگرى فەڕەنسا سەردانى عێراقى کرد و چاوى بەبەرپرسانى بەغدا و هەرێمى کوردستان کەوت.

 

بەوتەى سەرچاوەکان، پێشبینیدەکرێت سەرکردە کوردەکانى عێراق بچنە بەغدا بۆ بینین و کۆبوونەوە لەگەڵ ماکرۆندا، بەو پێیەى ماکرۆن ناچێتە هەولێر هاوشێوەى زۆربەى ئەو بەرپرسە بیانیانەى سەردانى عێراق دەکەن.