ناس کورد-
مستەفا ئەدیب ڕاسپێدراو بۆ کابینەى نوێى لوبنان ڕایگەیاند، هیواخوازە تیمێکى هەماهەنگارى بەتوانا و شیاو دروست بکات و بتوانن لەگەڵ پەرلەماندا هەنگاوەکانى چاکسازى دەستپێبکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دواى ڕاسپاردنى لەلایەن میشیل عەونى سەرۆکى لوبنانەوە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ، مستەفا ئەدیب لەوتەیەکیدا ئاماژەى بۆ ئەوە کرد هیچ وادەیەک بۆ قسەکردن و بەڵێندان نەماوەتەوە بەڵکو کاتى کارکردنە بەخێرایى بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت.
ئەدیب، جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، ئەوەى پێویستیان پێیەتى کارکردنە بەهەماهەنگى بۆ ڕزگارکردنى لوبنان و دەرفەتەکەش لەبەردەمیاندا زۆر بەرتەسکە و دەبێت لایەنە سیاسیەکانیش هەستیان بەوە کردبێت.
سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێرداو ڕاشیگەیاند، قەدەریان وایە زاڵببنە سەر خەم و ئاریشە و ئازارەکانیاندا و سووربن لەسەر ئەوەى بەخۆڕاگرى دەمێننەوە بۆ گەڕاندنەوەى ئومێد بۆ ئایندە.
بەگوێرەى ئاژانسەکان ئەدیب گەیشتە کۆشکى بەعبەدا بۆ دیدارى عۆن و سەرۆکى پەرلەمان بەمەبەستى ڕاسپاردنى بەپێکهێنانى کابینەى نوێ لەشوێن کابینەکەى حەسەن دیاب کە دواى سەرهەڵدانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان بەهۆى ڕوداوى تەقینەوەکەى بەندەرى بەیروتەوە دەستیلەکارکێشایەوە.
مستەفا ئەدیب کێیە..؟
تەمەنى 48 ساڵە و لە 2013ەوە باڵیۆزى لوبنانە لەئەڵمانیا و هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرایە لەزانستە سیاسیەکان و سەرەتا وەکو مامۆستاى یاساى نێودەوڵەتى و دەستورى لەزانکۆ جیاوازەکانى لوبنان و فەڕەنسا دەستى بەکارکردن کردووە.
هەر لەو ساڵەدا بووەتە ڕاوێژکارى نەجیب میقاتى و دواتریش کراوەتە باڵیۆز.
لەساڵانى نێوان 2005 و 2006 و لەحکومەتەکەى میقاتیدا سەرۆکى کۆمەڵەى لوبنانى بۆ یاسا نێودەوڵەتیەکان و کۆمەڵەى لوبنانى بۆ زانستە سیاسەکان بووە.