گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى گواستنەوەى عێراق مشتومڕەکانى لەبارەى ڕاکێشانى هێڵى شەمەندەفەر یەکلاکردەوە

2020.08.30 - 20:52
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق مشتومڕەکانى لەبارەى ڕاکێشانى هێڵى شەمەندەفەر یەکلاکردەوە

ناس کورد-

کۆمپانیاى گشتى هێڵى شەمەندەفەرى عێراق بوونى پڕۆژەى راکێشانى هێڵى ئاسنى لەگەڵ کوەیت رەتکردەوە و ئاماژەى بەوەکرد، لێکتێگەیشتنێکى هەیە لەگەڵ ئێران لەو بارەیەوە کە تا ئێستا کارانەکراوە.

بەگوێرەى ڕاگەیەندراوێکى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق، کۆمپانیاى گشتى هێڵى شەمەندەفەر جەختیکردووەتەوە پرسی راکێشانى هێڵى شەمەندەفەر لەگەڵ هەریەکە لە کوەیت و ئێران لەکاتى ئێستادا نەخراوەتە بەرباس.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، راکێشانى ئەو هێڵە لەگەڵ ئەو وڵاتانە بڕیارێکى سیادییە لەچوارچێوەى تایبەتمەندییەکانى دەسەڵاتە سیاسییە باڵاکاندایە.

 

وەزارەتى گواستنەوە ئەوەشى خستووەتەڕوو، هیچ رێککەوتنێک نییە بۆ راکێشانى هێڵى شەمەندەفەر لەگەڵ کوەیت، ئەوەى هەیە لەو بارەیەوە تەنها توێژینەوەیە.

 

بەڵام لەگەڵ لایەنى ئێرانى یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن هەیە کە لەسەردەمى حکومەتى پێشوو واژۆکراون، بەڵام هێشتا جێبەجێنەکراوە.

 

پڕۆژەى راکێشانى هێڵى شەمەندەفەر لەنێوان عێراق و ئێران بەجۆرێک نەخشەى بۆ کێشراوە کە لە شەلامجەوە دەستپێبکات بەرەو بەسڕە بەدرێژایی (32) کیلۆمەتر، بە چەندین شوێندا دەڕوات کە مین و زەوى بەکارهێنراوى لێیە، پردێکیش بە درێژایی کیلۆمەترێک بەسەر شەتولعەرەبدا دروستدەکرێت لەلایەن ئێرانەوە، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەندراوێکى پێشترى وەزارەتى گواستنەوە.

 

لەبارەى ئەو مشتومڕانەى لەسەر راکێشانى هێڵى شەمەندەفەر لەنێوان عێراق و کوەیت سەریهەڵداوە، کازم فنجان حمامى وەزیرى پێشووى گواستنەوە و پەرلەمانتارى ئێستاى عێراق، هێرشیکردە سەر ئەو لایەنانەى کە ناڕازین لە پڕۆژەی لەو جۆرە و دەڵێت ئەوانە هەموو شتێک رەتدەکەنەوە.

 

حمامى لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختیکردەوە، ئەوانەى دژایەتى ئەو پڕۆژانە دەکەن، دەیانەوێت سنورەکان دابخرێت و عێراق ببێتە وڵاتێکى داخراو.