ناس کورد-
وتەبێژى هاوپەيمانى فەتح داوا لە هێزە ئەمنيەكان دەكات كە دژى ئەوانەى موشەك دەگرنە ناوچەى سەوزى شارى بەغدا، جوڵە بكەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەحمەد ئەسەدى، وتەبێژى هاوپەیمانى فەتح لە لێدوانێكى ڕۆژنامەوانيدا ئاماژەى بەوە کرد، دواى گەڕانەوەى لە واشنتۆن مستەفا كازمى، سەرۆكوەزيرانى عێراق لەگەڵ سەركردەى هێزە سياسيەكان كۆبوەتەوە و وردەكارى سەردانەكەى پێشكەش كردووە، ئەوانيش گوێيان لە پێشنيارەكانى سەرۆكوەزيران گرتووە.
ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، لە كۆبونەوەى هێزە سياسيە شيعيەكان و كازمى ئاگایى نەخرابووە سەر دۆسیەى سەردانەكەى واشنتۆن، بەڵكو ئاگایى خرابووە سەر ڕووداوەكانى ناوخۆ و ڕاستى ئەوانەى ڕوودەدەن باسكران لەلايەن كازمييەوە "ناوبراو هەڵسەنگاندنى هەيە و تووشى سەرسوڕمان بووين لە هەندێك وردەكارى لەسەر ئەوەى لە خۆپيشاندانەكان ڕوودەدەن".
بەوتەى ئەسەدى، كازمى ژمارەى "چەكدارە تێكدەرەكان" و قەبارەى بوونى حزبەكان باش دەزانێت و بەپێى هەڵسەنگاندنەكانى هەنگاو دەنێت و هێزە سياسيە شيعيەكانيش سەرپشكيان كردووە لە مامەڵەكردن و پشتگيرى تەواوى سەرجەم هەنگاوەكانيان كردووە بۆ سەپاندنى ئاسايش.
سەبارەت بە هەڵوێستى هاوپەيمانى فەتح لەسەر ڕێكکەوتن بۆ كشانەوەى هێزەكانى ئەمريكا لەماوەى 3 ساڵدا وتەبێژى هاوپەيمانى فەتح باسى لەوەكرد، قسەكردن لەسەر سەردانەكەى كازمى بۆ ئەمريكا گرنگە و سەرەكييە و سەردانى گرنگترين وڵاتە، باس لەسەردانەكە كرا و پێیان ڕاگەياندووە كە مانەوەى هێزەكانى ئەمريكا بۆ ماوەى 3 ساڵى تر ڕەتدەكەنەوە.
ئەحمەد ئەسەدى سەبارەت بەهێرشە موشەكييە بەردەوامەكان بۆ سەر ناوچەى سەوز وتى "موشەكبارانكردنى ناوچەى سەوز بەرپرسارێتى دەوڵەتە، چەك هەيە كە كۆنترۆڵنەكراوە و ئەوەش يەكەمجار نييە و دەيەمجاريش نييە كە ناوچەى سەوز دەكرێتە ئامانج، ئەوە لاوازكردنى دەوڵەتە و پێويستە هێزە ئەمنيەكان جوڵە بكەن بەرامبەر ئەوانەى ئەو كارەدەكەن، ئێمە بەهەموو شێوەيەك ئەو كارە ڕەتدەكەينەوە".