گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێژەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە دابەزیوە

عێراق؛ هۆشداری لە شەپۆلێکی بەهێزی کۆرۆنا لە پایز و زستاندا دەدرێت

2020.08.30 - 14:33
عێراق؛ هۆشداری لە شەپۆلێکی بەهێزی کۆرۆنا لە پایز و زستاندا دەدرێت

ناس کورد-

بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی گشتی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداریدا لە هەڵکشانی شەپۆلێکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەردوو وەرزی پایز و زستان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبووان بە پەتاکە لە عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ڕێژەی گیانلەدەستدان بە پەتاکە لەعێراق دابەزیوە بۆ 3%.

 

ریازعەبدول ئەمیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی گشتی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "وەزارەتی تەندروستیی عێراق توانیویەتی لە ماوەی ڕابردوودا ئەزمون و شارەزاییەکی باش بەدەستبهێنێت لەسەر چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەخۆگرتنی هەڵکشانی ژمارەی توشبووان بە نەخۆشییەکە".

 

وتیشی : "باشترین ڕێگە بۆ بەرگرتن لە نەخۆشییەکە تەنها پابەندبوونە بەڕێکارەکانی خۆپارێزی لەنەخۆشییەکە و دوورکەوتنەوە لە شوێنە جەنجاڵەکان".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "ناتوانرێت لە ڕووی پزیشکییەوە شکست بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بهێنرێت ئەگەر ڤاکسینێکی کارا دژ بە نەخۆشییەکە بەردەست نەبێت، ڤایرۆسەکە نوێیە و هەموو جارێکیش شێواز وتوخمی خۆی دەگۆڕێت، بۆیە توێژەرەکان تائێستا نەیانتوانیوە ڤاکسینێکی کارا دژ بەو پەتایە بدۆزنەوە".

 

بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی گشتی لەوەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداریشدا لە زیاد بوونی حاڵەتەکان توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوەرزی پایز و زستان لە عێراق.

 

ڕوونیشکردووە: "ئەوانەی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە دوای ماوەیەکی دیکە توشی ڤایرۆسەکە دەبنەوە، هۆکاری ئەوەش بەهۆی لاوازی بەرگریی لەشیانەوە نییە، بەڵکو هۆکارکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڤایرۆسەکە بەردەوام شێواز و توخمی خۆی دەگۆڕێت، ئەوەش وادەکات سیستمی بەرگریی لەشی مرۆڤ بەئاسانی ڤایرۆسەکە نەناسێتەوە".

 

عەبدول ئەمیر جەختیلەوەشکردەوە: "لە ئێستادا هەموو وڵاتانی جیهان داوایان لێکراوە نمونەی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای وەرزی بنێرن بۆ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی دروستکردنی ڤاکسین ئاشنا بن بەو گۆڕانکاریانەی کە لەتوخمی ڤایرۆسەکدا ڕوودەدات و بتوانن ڤاکسینێکی تایبەت و کارا بۆ نەخۆشییەکە بدۆزنەوە "