گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەبارەی کەیسەکەی ئاشتی هەورامی و دۆڕاندنی ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلار حکومەت چی دەکات؟

2020.08.30 - 13:51
لەبارەی کەیسەکەی ئاشتی هەورامی و دۆڕاندنی ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلار حکومەت چی دەکات؟

ناس کورد-

کەمتر لە مانگێکی دیکە دادگای شاهانەی بەڕیتانیا دانیشتنی دووەم لەسەر کەیسی ئاشتی هەورامی، وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەکات و بە دۆڕاندنی کەیسەکەش، یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بەسەر حکومەتی هەرێمدا ساغ دەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم لەسەر ئەو پرسە بێدەنگە.

 

هەفتەی ڕابردوو یەکەم دانیشتنی دادگای شاهانەی بەڕیتانیا لەسەر کەیسی ئاشتی هەورامی، وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و کۆمپانیای "دانەغاز" بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی کۆمپانیاکە لەو دادگایە سکاڵای یاسایی لەسەر هەورامی تۆمارکردبوو.

 

کۆمپانیاکە داوای قەرەبووی ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلار قەرەبوو دەکات و دەڵێت، ئاشتی هەورامی ئەوکاتەی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم بووە، بەشێوەی نایاسایی زیانی پێگەیاندووە، واتە بە دۆڕاندنی کەیسەکە لەلایەن ئاشتی هەورامییەوە، ئەوا دەبێت حکومەتی هەرێم ئەو پارەیە وەک قەرەبوو بداتە کۆمپانیاکە.

 

ناس کورد لەزاری سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە زانیویەتی، تاوەکو ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیران باسی ئەو پرسە نەکراوە و هیچ شتێکی لەبارەوە نەوتراوە.

 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت چاوەڕوانی یەکلابوونەوەی کەیسەکەیە و ئەوکات هەڵوێستی خۆی دەبێت.

 

ئاشتی هەورامی کە ماوەی 14 ساڵ وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم بوو، ئەگەرچی لەناوخۆی هەرێمدا و لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنەوە تۆمەتباردەکرا بە ئەنجامدانی "ساختەکاری" بەڵام لەم کابینەیەشدا کرایەوە بە یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری نەوت و سامانە سروشتییەکان.

 

ئێستا هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی قورسی داراییدا تێدەپەڕێت و بە زیاتر لە 45 رۆژ موچەیەک بەلێبڕینی %21یەوە دابەشدەکرێت.

 

ئەگەر ئاشتی هەورامیش ئەو کەیسە بدۆڕێنێت و حکومەتی هەرێم ناچار بکرێت بە پێدانی پارەی قەرەبووەکە، ئەوا ئەو پارەیە بڕی %21ی موچەی لێبڕاوی نزیکەی یەک ساڵی فەرمانبەران دەکات، واتە ئەگەر حکومەت یەک ساڵ بە لێبڕینەوە موچە دابەش بکات، ئەوکات دەتوانێت بەو پارەیەی بۆی دەگەڕێتەوە قەرەبووی کەیسە دۆڕاوەکەی هەورامی بکاتەوە.