ناس کورد-
پاش کۆبوونەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەشێوەی ئۆنڵاین، وەزارەتەکە میکانیزمی خوێندنی ئەمساڵی ڕاگەیاند و بڕیاریدا لە نێوان 20ی ئەیلول تاکو 4ی تشرینی یەکەمی پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى لە هەرێمى کوردستان دەستپێبکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: "ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرپەرشتى د. ئارام محەمەد قادر، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆك زانکۆکان، کۆبونەوەى ژمارە (9)ى ئاسایى خۆى بەشێوەى ئۆنلاین ئەنجامدا."
وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند: "بەڕەچاوکردنى بارودۆخى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان و سەلامەتى گیانى خوێندکاران و قوتابیان، بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (2020-2021) پلان و بەرنامەى تازەمان بەئاراستەى بەرەوپێشبردنى ڕەوتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى خوێندکاران و کواڵێتى خوێندن داڕشتوە، بۆ ئەمەش ئاماژەى بە پلان و پڕۆژەی پێشنیازى ساڵى نوێى خوێندن کرد."
پێشنیازەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و میکانیزمی دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ:
- خوێندنى ساڵى نوێى ئەکادیمى لە (١/٩) دەستپێدەکات و پێویستە ساڵى ئەکادیمى لە (٣٠/٦) کۆتای پێ بێت.
- لە نێوان (٢٠/٩) تاکو (٤/١٠) پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى لە هەرێمى کوردستان دەستپیدەکات، بەشێوەیەک زانکۆکان سەرپشکن و دەسەڵاتیان پێدەدرێت لە نێوان ئەم دو ڕێكەوتە رۆژێک بۆ دەستپێکردنى خوێندنى ساڵى (٢٠٢٠-٢٠٢١) دەستنیشان بکەن.
- سیستمى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) بریتیە لە خوێندنى ئاوێتە واتە (blended learning).
- خوێندنى وانە پراکتیکیەکان و تاقیکردنەوەى کۆرسەکان و کۆتاى ساڵ و تەطبیقاتى ناو نەخۆشخانە و تاقیگەکان و وانە تیۆریە سەرەکییەکان لە ناو کامپەس دەخوێنرێت، بەو واتایەى زۆربەى خوێندنى ساڵى نوێ لە ناو کەمپەس دەبێت.
- ماوەى نێوان (٩/١) تاکو (١٠/٤) ئەو ماوەیە بۆ ڕاهێنانى مامۆستایان بەکاردەهێنرێت و یاخود ڕێکخستنەوەى ساڵنامەى زانکۆ و قەرەبوکردنەوەى وانە فەوتاوەکان.
- هیچ کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان نابێت لە (١٥) هەفتە کەمتر بێت.
- بەهۆى بارودۆخى تەندروستى و بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا، تەنها بۆ ئەمساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) لەنێوان زانکۆکانى هەرێم سیستمى میواندارى دەکرێتەوە ئەویش لەنێوان بەش و سیستمى هاوشێوەدا دەبێت.
- بۆ خوێندنى ئاوێتە، هەر زانکۆیەک ئەو پلاتفۆرمە ستانداردانەى خوێندن بەکاردەهێنێت کە یونسکۆ ڕاسپاردەى دەکات.
- لە (٢٠٢٠/١٠/١١) پرۆسەى خوێندنى خوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆرا دەستپێدەکات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کۆى ئەو پێشنیازانە و چەندین پێشنیازى دیکەى پەیوەست بە پرۆسەى ساڵى نوێى خوێندن تاووتوێکران و دەخرێـتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران بەمەبەستى تاوتوێکردن و پەسەندکردنیان.