گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕونكردنەوەیەك لەبارەی هاوردەکردنی دەرمان لەلایەن کۆمپانیایەکی حزبییەوە بەنایاسایی

2020.08.29 - 23:33
ڕونكردنەوەیەك لەبارەی  هاوردەکردنی دەرمان لەلایەن کۆمپانیایەکی حزبییەوە بەنایاسایی

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ڕونکردنەوەیەکی لەبارەی "هاوردەکردنی دەرمان بەنایاسایی لەلایەن کۆمپانیایەکی نزیک لە سەرۆکی حکومەتەوە" بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو هەواڵە دوورە لەڕاستییەوە.

 

لە ڕونکردنەوەیەکدا، بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ڕایگەیاند: " بەڕێزێک لە لاپەڕەی کەسیی خۆی بەناوی (سۆران عومەر سەعید) شتێکی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە قۆرخكردنی ھێنانی دەرمان تەنھا بۆ كۆمپانیایەكی دیاریكراو و ڕێگریكردن لە كۆمپانیاكانی تر."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "بۆ ڕای گشتی ڕاستیەکان ڕادەگەینین كەوا پڕۆسەی ھاوردەكردنی دەرمان لە وڵاتی توركیا لە كابینەی پێشووی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە پێی ڕێنمایی وەزارەتی تەندروستی بە فەرمانی وەزاری ژمارە (٥٧٤٩) لە ڕێکەوتی ٢٠١٦/١٠/٢٤ دانراوە، ڕێنماییەكان بۆ گشت كۆمپانیاكانی دەرمان دەرچووە و دەتوانن بە بێ جیاوازی كاری پێ بكەن."

 

لەڕونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە: " ھیچ كۆمپانیایەك بەبێ بەھانە ڕانەگیراوە و ڕاناگیرێت ئەگەر پێداویستیەکانی داواکراو تەواو بێت، تا ئێستاش دەیان كۆمپانیای جۆراوجۆری دەرمان ئەو جۆرە دەرمانانە بە پێی ھەمان ڕێنمایی ھاوردە دەکەن."

 

ئەوەشخراوەتەڕوو:" ئەو کومپانیایەی ناویشی هێنراوە چەند ساڵێکە دامەزراوە و کاردەکات و هیچ پەیوەندی بە مەحسوبیاتی هیچ لایەنێک نیە و هەموو کۆمپانیاکان ئازادن لە هاوردە کردن بە پێی مەرج و ڕێنماییەکان."

 

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ئاماژەی بەوەشكردووە: "پاش چەند پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ناوبراو دوای دڵنیابوون كە ئەو ھەواڵ و زانیاریانە بە هەڵە و بێ بنەما گەیشتوون بە دەستیان و لێکتێگەیشتنی ڕاستیەکان ئەم نووسینە لە ڵاپەرەی فەرمی خۆی لادەبات، بەڵام لەبەر بڵاوبوونەوەی نووسینەكە، بۆ گەیاندنی ڕاستیەکان بۆ ڕای گشتی بە پێویستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بدەین."

 

جەختیشیکردووەتەوە: "ئێمە بە ھەموو شێوەیەك گشت ئەو دەنگۆ نا ڕاستانە ڕەتدەكەینەوە و بەردەوام دەبین لە پڕۆسەی چاکسازی و پاکسازی کردن لە بواری دەرمان هەروەک دەیان کۆمپانیا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو بەهۆی سەرپێچی و نەبوونی مەرجی یاسایی و کەمتەرخەمیان لە ساڵانی ڕابردوو، ئێستا لە کار ڕاگیراون یان لەبواری لێکۆڵینەوە دان و ڕێکاری یاسایی گیراوەتە بەر."

 

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "هاوڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کەوا هیچ کەسێک لە کەمتەرخەمی چاوپۆشی لێناکرێت و کەسانی بەرژەوەند خواست ناتوانن بەرامبەر سەرپێچی کردندا چەواشە و پۆزش بهێننەوە و هەردەم یاسا پێشەنگی کارەکانمان دەبێت."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە 29ی ئابی 2020، سۆران عومەر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کەلەماوەی ڕابردوودا دەستیلەکارکێشایەوە، بڵاویکردەوە: "کۆمپانیایەکی هاوردەکردنی دەرمان کە هی بنەماڵەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەنایاسایی دەرمان هاوردەی هەرێم دەکات و ڕێگە لە کۆمپانیاکانی دیکەش دەگیرێت بۆ هاوردەکردنی دەرمان."