گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تائێستا حەوت کەس لە تەقينەوەکەى بەيروت بێسەروشوێنن

2020.08.29 - 22:55
تائێستا حەوت کەس لە تەقينەوەکەى بەيروت بێسەروشوێنن

ناس کورد- 

لە تەقينەوەكەى بەيروتى پايتەختى لوبنان كە بووە هۆى كوژرانى 188 كەس و برينداربوونى زياتر لە شەش هەزار كەس، تائێستا حەوت كەس بێسەروشوێنن و هيچ ئاسەوارێكيان نييە.

 

عەميد ئەلياس عاد، بەڕێوەبەرى بەشى پەيوەندیيە گشتیيەكانى سوپاى لوبنان لە كۆنگرەيەكى ڕۆژنامەوانيدا ڕایگەیاند: "تائێستا لانيكەم حەوت كەس لە تەقينەوەكەى بەيروت بێسوروشوێنن و چارەنوسيان ناديارە." 

 

وتیشی، سێ کەس لەوانە لوبنانين و سيانيشیان سورى و يەكيان ميسرييە، ئەوەش بەپێى داتاكانى هێزە ئەمنييە ناوخۆييەكان بە تەنسيق لەگەڵ خاچى سوريى لوبنانى.

 

بەڕێوەبەرى بەشى پەيوەندیيە گشتیيەكانى سوپاى لوبنان ئاماژەی بەوەشكرد، پرۆسەكانى گەڕان لەلايەن تيمە تايبەتەكانەوە بۆ دۆزينەوەى ئەو بێسەروشوێنانە بەردەوامە و تا نەدۆزرێنەوە گەڕانەكان كۆتاييان پێ نايەت.

 

تەقينەوەكە كە بەهۆى بوونى 2750 تۆن مادەى نيتراتى ئامۆنيۆمەوە بوو لە بەندەرى بەيروت، بووە هۆى كوژرانى 188 كەس و برينداربوونى 6500 كەس، ئەوەش بەپێى داتاكانى وەزارەتى تەندروستیى لوبنان.

 

تەقينەوەكە زيانى مليارەها دۆلارى لە بەيروت داو دەستبەجێ وڵاتانى جيهان لە نێويشياندا عێراق هاوكارى پزيشكى و پێداويستى و تيمى پزيشكى و گەڕانيان ناردە لوبنان، هەروەها 300 هەزار كەس بەهۆيەوە بێماڵ و حاڵ بوون.

 

دواى تەقينەوەكە خۆپيشاندانەكانى لوبنان گەرمتر بوون و بەهۆى ئەوەشەوە يەك لەدواى يەك پەرلەمانتاران و وەزيران و بەرپرسانى ئەو وڵاتە دەستيان لەكاركێشايەوە و دواتر تەواوى حكومەت دەستلەكاركێشانەوەى خۆى ڕاگەياند.