گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

توانای پاڵاوگەی بێجی بۆ سێ هێندە بەرزدەکرێتەوە و بەنزینی ئۆکتانی 92 بەرهەمدەهێنێت

2020.08.29 - 21:21
توانای پاڵاوگەی بێجی بۆ سێ هێندە بەرزدەکرێتەوە و بەنزینی ئۆکتانی 92 بەرهەمدەهێنێت

ناس کورد-

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پلانیان هەیە لەچەند مانگی داهاتوودا توانای پاڵاوتنی پاڵاوگەی نەوتی بێجی لە 75 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرزبکەنەوە بۆسێ هێندە.

 

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند: "پلانمان هەیە ئاستی بەرهەمهێنانی پاڵاوگەی (صمود) کە یەکێکە لە پاڵاوگەکانی پاڵاوگەی بێجیی سەربە قەزای سامەرا لە پارێزگای سەلاحەدین لە 75 هەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێکدا بەرزبکەینەوە بۆ 280 هەزار بەرمیل ".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی نەوت توانیویەتی بەپشت بەستن بە توانا خۆجێییەکان  ئەو داهاتەی کە بەردەستە بەشێکی زۆری پاڵاوگەی بێجی پێ نۆژەن بکاتەوە و بیخاتەوە گەڕ.

 

وەزیری نەوتی عێراق باسیلەوەشکردووە: "لە چەند مانگی داهاتوودا توانای پاڵاوگەکە بەرزدەکەینەوە بۆ زیاتر لە 140 بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بەجۆرێک دەتوانین لەڕێگەی ئەو پاڵاوگەیەوە بەنزین لە جۆری ئۆکتانی 92 بەرهەمبهێنین".

 

لێدوانەکەی وەزیری نەوتی عێراق لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە عێراقییەکانی وتی: " سەردانەکەی شاندی عێراقی بۆ واشنتۆن لە ڕووی ئابورییەوە بەرهەمداربوو".

 

ئەوەشی وتبوو: " لە ئێستادا عێراق ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و بڕیاریشە ئەو ڕێژەیە لە ساڵی 2025 بەرزبێتەوە بۆ حەوت ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا".

 

وەزیری نەوتی عێراق ئەوەشی باسکردبوو، عێراق ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای" شیڤرۆن"ی ئەمریکی کردووە لە بواری نەوت و پلانیان هەیە لەماوەی داهاتوودا لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای زیقار ئاستی بەرهەمهێنانی بەرزبکەنەوە بۆ ملیۆنێک بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.