گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان پشتگیریی لە شادی نەوزاد دەکات

2019.04.24 - 21:27
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان پشتگیریی لە شادی نەوزاد دەکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

ناس کورد-

.

لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتگیریی لە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەکات و هیوادەخوازن دادگاکان بۆ سەروەربوونی یاسا و نەهێشتنی ئەم دیاردانە جێبەجێکەری یاسابن.

 

.

لە درێژەی کاردانەوەکانی وتەکانی شادی نەوزاد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە لەزۆرێک لەو کۆمەڵگایانەی کە هێشتا لەسەرەتای کاروانەکەدان "دەستبردن بۆ هەڕەشە و تۆمەت دروستکردن و کوشتن یەکێکە لەو نەریتە باوانەی کە بە پلەی یەکەم دوچاری ئەو ژنانە دەبێتەوە کە توانیویانە هەڵکەوتوانە ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت لە کایەی سیاسی ئابوری کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگە و وڵاتەی هەنگاوی تێدا دەهاوێژن لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشچونی بەرچاوهەن بۆ پێشخستنی تواناکانی ژنان لەهەموو بوارەکاندا."

.

هاوکات دەشڵێن: "کەچی هێشتا کەسانێک بۆ ڕاگرتنی ئەم کاروانە زۆر نابەرپرسانە پەنا دەبەنە بەر هەڕەشەی شکاندنی شکۆو لەکەدارکردنی کەسایەتی ژن هەروەک ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر هاوپیشەمان پەرلەمانتار (شادی نەوزاد) ڕویدا."

.

"وەک لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە ئافرەتان بە توندی ئیدانەی ئەوجۆرە هەڕەشانە دەکەین و بە ئیرادەیەکی یەکگرتووشەوە پشتیوانی لەو خاتونە سەنگینە و هەموو ژنانی کوردستان دەکەین... هیوادارین دادگاکانمان بۆ سەروەربوونی یاسا و نەهێشتنی ئەم دیاردانە جێبەجێکەری یاسا بن و پاساو بۆ هیچ کەس و حاڵەتێکی لەم جۆرە نەبێتە بەدیلی یاسا، تا رەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەمان لە بەرە و پێشچوونی زیاتر دابێت،" ئەوەش بەپێی ڕاگەندراوەکە.

.

ئەمڕۆ شادی نەوزاد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “لە ڕێی موبایلەوە ڤیدیۆیەکی دروستکراوم بۆ نێردراوە و تیایدا نوسراوە چاوەڕێی ‘ڤیدیۆی ڕوتی’ خۆت بکە”.

.

ئەو پەرلەمانتارە کە هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێیە، دەستی تۆمەتی بۆ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ درێژ کرد، وتی: “داوای یاسایی لەسەر شاسوار و باندەکەی تۆمار دەکەم”.

.

شادی نەوزاد، یەکێتی و پارتیشی بە بەرپرسیارزانی کە لەژێر دەستەڵاتی ئەواندا هەڕەشەی لەوجۆرە لە ژنانی هەرێم دەکرێت.

.

وتەکانی پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ لە پاش سێ ڕاگەیەندراو  دژ بەیەکی ئەو جوڵانەوە و پەیامیکی سەرۆکەکەی هات.