گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەلا بەختیار داوای لێبوردن دەکات.. ’’ناوی کوڕی منیشی تێدایە’’

2020.08.29 - 16:53
App store icon Play store icon Play store icon
مەلا بەختیار داوای لێبوردن دەکات.. ’’ناوی کوڕی منیشی تێدایە’’

ناس کورد-

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەکێتی ڕایگەیاند، "ھەفتەی ڕابردوو، ھەروەکو پەیتا پەیتا، لە پاوان و شاخەکانی کوردستان، بە ھەر ھۆیەکەوە بووبێ، ئاگر دەکەوێتەوە، ئاگر لە پاوان و ھەندێک ڕەز و باخی خەڵکی دڵسۆزی خەمزە کەوتووەتەوە، خزمانی خەمزە جەخت دەکەنەوە کە مەفرەزەیەکی ئێمە چەکی تاقی کردووەتەوە و ھۆکاری ڕووداوەکەیە. ناوی کوڕی منیش خراوەتە ناوانەوە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەلا بەختیار لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، "من.. دەڵێم: کوڕەکەی من و مەفرزەکەی منیش ھۆکار نەبووبن لە ڕووداوەکە، منیش ھەر بە خەتای ئەوانی دەزانم، خەڵکی خەمزە مافی خۆیانە بەرگریی لە موڵک و حاڵی خۆیان بکەن. بەندە لەو کەسانەم باش باش دەزانم کە خەڵکی خەمزە و دەوروبەری چەند جوامێر و دڵسۆزی شۆڕش بوون و ھەن."

 

ڕاشیگەیاند، "داوای لێبووردنیان لێ دەکەم.. ڕاگەیاندنی نەیار و کینەلەدڵەکانیش با تێبگەن، ئەم کێشەیە بە نەخشە و پیلان نەبووە.. قەتیش لە مناڵ و مەفرەزەی من نەوەشاوەتەوە، بۆ ڕاو، یان ڕاو و ڕووت، کاری ناپەسەندیان کردبێ. ئەمە ھەڵەیەکە و چارەسەرکردنی، ھەرچییەکی پێویست بێ ئامادەم.. بەڵام ئەو کینەلەدڵانەی کێشەکەیان گەورە کرد.. با سەیری خۆیان بکەن.. لە گەندەڵی.. لە زەوی داگیرکردن.. لە زوڵم و ستەمکردن لە خەڵک، لە بێسەروشوێنکردنی کەسانی بێ گوناح.. لەوپەڕی ڕەفتاری ناشرینی.. چی دەکەن و چییان بە خەڵک کردووە.. ئینجا قسە لەسەر کێشەی وا بکەن.. کوردستان تاڵان کراوە. کوردستان کراوەتە گەندەڵستان.. بەھەزار پۆلیسی دارستانەکان، ناتوانن ڕێگە لە بەرپرسە ڕاوچییەکان بگرن.. ڕەوە ئاسک و ڕەوە حەیوانە کێوی و ڕەوە کەروێشک و پۆلە کەو.. قەڵاچۆ نەکەن.. سەدان ھەزار دۆنمی دارستان و لەوەڕستان و کێوەکانیش بەتاڵان براون.. بەداخەوە.. نەیار و کینەلەدڵەکان لە دارستاندا.. درەختێک دەبینن سوتاوە، بەڵام تاڵانکردنی دارستانی کوردستان نابینن."

 

باسی لەوەشکردووە کە "ئەوەی بۆ من مایەی نیگەرانییە.. تەنھا ئەوەیە.. خەڵکی خەمزە.. دڵگران بوون.. چونکە خەڵکەکەی جارانی خەمزە باش دەزانن، ئەوپەڕی ھەوڵم داوە لە ژیانی پێشمەرگایەتی و مەدەنیدا.. مەفرەزەکەمان و مناڵەکانم.. لە خزمەتی خەڵکدا بن.. لەگەڵ ڕێزم."

 

لە کۆتاییدا نوسیویەتی، "دیسان داوای لێبووردن لە خەڵکی خەمزەی بەشەرەف دەکەم، پشتیوانیشیان لێ دەکەم ھەر داخوازییەکیان لە حکومەت ھەبێ.. یان لە خۆم.."