ناس کورد-
فەرمانداری شاری پاوە لە پارێزگای کرمانشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، بەمزوانە گرێبەستێکی گشتگیر و گرنگ لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە واژۆ دەکەن و بەپێی ڕێککەوتنەکەش، لە بەنداوی داریانەوە کارەبا بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابین دەکرێت، جێگرى پارێزگارى هەڵەبجەش بوونی گفتوگۆ سەرەتاییەکان پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت، دوابڕیاریش لای وەزارەتى کارەباى هەرێمە بۆ واژۆکردنى.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پەرویز ئایدەپوڕ، فەرماندارى پاوە بە ئاژانسى هەواڵیی میهرى ئێرانى ڕایگەیاندووە، لە چەند هەفتەى داهاتوودا گرێبەستێک لەنێوان پارێزگاى کرماشان و هەڵەبجە واژۆ دەکرێت ئەوەش بەمەبەستى دابینکردنى کارەبا بۆ شارى هەڵەبجە.
فەرماندارى پاوە ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، بەپێى گرێبەستەکەى نێوان ئەو دوو پارێزگایە، دابینکردنى کارەباکەى شارى هەڵەبجە لەرێگەى بەنداوى داریانى شارى پاوەوە دەبێت و بەوەش شارەکەیان لە بەکارهێنەرەوە بەرەو شارى بەرهەمهێنەر هەنگاو دەنێت.
دەروازەى سنوری شۆشمێ (تەوێڵە) شاری پاوە و پارێزگای هەڵەبجە پێکەوە دەبەستێتەوە و ڕۆژانە هاتوچۆی بازرگانی تێدا دەکرێت.
هاوکات کاوە شێخ عەبدوڵا، جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە تایبەت بەناس کوردى ڕاگەیاند، گرێبەستکردن لەگەڵ هەر ناوچەیەکى ئێران ئەوە لە دەسەڵاتى حکومەتى هەرێم و وەزارەتى کارەبا دەبێت، بەڵام لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ پارێزگارى کرماشان "باسمان لەوە کردووە کە لە ئایندەدا هەردوو بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەباى هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەباى کرماشان دانشتن بکەن بۆ مەبەستى ئامادەکارى."
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر دانیشتنەکە لەنێوان هەردوو بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانى هەڵەبجە و کرماشاندا بکرێت ئەوکات لەبارەى شێواز و نرخەکەیەوە دەکرێتە پڕۆپۆزەڵێک و پێشکەشى وەزارەتى کارەباى دەکرێت، ئەوکات وەزارەتیش دەسەڵاتى گرێبەستکردنى لەگەڵ پارێزگاى کرماشاندا دەبێت ئەگەر قەناعەت بکات چونکە تەرخانکردنى پارە بۆ پڕۆژەیەک لە دەرەوە لە دەسەڵاتى وەزارەت و ئەنجومەنى وەزیراندایە.
لەبارەى وەرگرتنى ڕەزامەندى ناوەند بۆ ئەو گرێبەستە، کاوە عەبدوڵا وتى، "پێویست بەوەرگرتنى ڕەزامەندى بەغدا ناکات چونکە پێشتر لەو جۆرە گرێبەستەمانە هەیە لەچەند ناوچەیەک کە حکومەتى هەرێم کاتى خۆى کردوویەتى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران بەمەستى دابینکردنى کارەبا.
لە وەڵامى ئەگەرى ئەنجامدانى گرێبەستەکە دابینکردنى کارەباکە هەموو سنورى پارێزگاکە یاخود بەشێک لەو پارێزگایە دەگرێتەوە، جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە ئەوەشى ڕوونکردەوە "لایەنى ئێرانى دەڵێن ئێمە دەتوانین سەرجەم کارەباى پارێزگاکە دابین بکەین ئیتر دەمێنیتەوە سەر ئەوەى پارێزگاکە چەند میگاواتى دەوێت و دەبێت هەردوولاش لەسەر وردەکارى نرخەکە ڕێکبکەون."
کاوە شێخ عەبدوڵا بەدوری زانی لەچەند هەفتەى داهاتوودا گرێبەستەکە ئەنجام بدرێت.