گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

حکومەت و پەرلەمان هۆکارن

مافی مرۆڤی هەرێم: حاڵەتەکانى خۆکوشتن زیادیان کردووە

2019.04.24 - 18:51
مافی مرۆڤی هەرێم: حاڵەتەکانى خۆکوشتن زیادیان کردووە

ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح

دەستەى مافى مرۆڤى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، حاڵەتەکانى خۆکوشتن لە هەرێم زیادیان کردووە، سەرۆکى دەستەکەش حکومەت و پەرلەمانى کوردستان بە هۆکار دەزانێت.

.

زیا پترۆس سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان تایبەت بە ناس کورد-ى ڕاگەیاند: "ڕێژەی خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە، لە پاڵ بوونى چەکى بێ مۆڵەت و دیاردەى هەڵگرتنى چەک، حکومەت و پەرلەمانى کوردستان هۆکارێکى گەورەى ئەو حاڵەتانەن".

.

"بەپێی زانیاریەكانمان ڕێژەی خۆكوشتن زیاتر لە ناو چینی گەنجاندا ڕوودەدات، بەتایبەت ئەوانەی بەو کردارە هەڵدەستن، تەمەنیان لەنێوان 18-30 ساڵیدیە"، زیا پترۆس واى وت.

.

وتیشی: "ئاڵودە بوون و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان، بوونەتە دیاردە لە هەرێم، بەپێی  ڕاپۆرتەكانمان 60%ى ڕاگیراوان لە گرتوخانەكانی هەرێم تاوانباری كەیسی ماددە هۆشبەرەكانن، كە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان".

.

سەرۆکى دەستەى مافی مرۆڤى هەرێم، ئاماژە بەوەشدەکات، نەبوونی هەلی كار بۆ گەنجان و خراپ بوونی باری دارایی زۆربەی خەڵكی كوردستان کە هۆکارى خۆکوشتنن، لە ئەنجامى کەمتەرخەمى پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتۆتە کایەوە.

.

لە بارەى ئامارى ئەو کەسانەى لە هەرێم خۆیان کوشتووە، سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤى هەرێم ئامادە نەبوو ژمارەى ئەو کەسانە ئاشکرا بکات، بەپێی دواین ئاماری كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقیش ژمارەی خۆكوشتن لە چوار مانگی سەرەتاى ئەمساڵدا، گەیشتۆتە 132 حاڵەت  کە لەچاو ساڵى ڕابردوو زیادى کردووە.

.

.