گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئیمارات یاسایەکی 50 ساڵەى لەپێناو ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە

2020.08.29 - 12:50
ئیمارات یاسایەکی 50 ساڵەى لەپێناو ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە

ناس کورد-

لەدوای ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، خەلیفە بن زاید ئالهەیان، سەرۆکى ئیمارات یاسایەکی فیدڕاڵی دەرکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەى یاسای سزادانی ئەو کەسانەى کە سەرپێچی بایکۆتی ئیسرائیل دەکەن، ئەو یاسایە ساڵی 1972 دەرچوو بوو.

 

ئەمڕۆ شەممە، 29ی ئابی 2020، ئاژانسی هەواڵیی ئیمارات ڕایگەیاند، ئالهەیان مەرسومێکی بە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2002 دەرکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەى یاسای فیدڕاڵی ژمارەى 15ی ساڵی 1972 کە تێیدا سزا بۆ ئەو کەسانە دانرابوو کە بایکۆتی سەر ئیسرائیل دەشکێنن، ئەوەش دوای ئەوەى دوو هەفتەى ڕابردوودا هەردوولا پەیماننامەى ئاشتییان واژۆ کرد.

 

ئاژانسەکە وتیشی، "دەرکردنی یاسا نوێیەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دەوڵەتی ئیماراتە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە دیبلۆماسی و بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوەش لەڕێگەی نەخشەڕێگایەک بۆ دروستکردنی هەماهەنگییەکی هاوبەش تا دەگاتە پەیوەندیی دووقۆڵی بۆ پەرەپێدانی ئابوری و بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژی."

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "لەدوای هەڵوەشاندنەوەى یاسای بایکۆتی ئیسرائیل، خەڵکی ئاسایی و کۆمپانیاکانی ئیمارات دەتوانن ڕێککەوتن لەگەڵ دەستە و هاوڵاتیانی ئیسرائیل ببەستن، ئەوەش لە بواری کاروباری بازرگانی و دارایی یان هەر مامەڵەیەکی تر، هەروەها ڕێگە دەدرێت بە هێنانەناوەوەى شتومەک و کەلوپەل و بەرهەمی ئیسرائیلی بە هەموو جۆرەکانییەوە و بازرگانیکردن پێی."