گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عەسائیب داوا لە حکومەت دەکات سێ هەنگاو دژى تورکیا بگرێتەبەر

2020.08.29 - 11:49
عەسائیب داوا لە حکومەت دەکات سێ هەنگاو دژى تورکیا بگرێتەبەر

ناس کورد-

کوتلەى سادیقونى باڵى سیاسی بزوتنەوەى عەسائیبى ئەهلى حەق داواى لە حکومەتى عێراق کرد سێ هەنگاو دژى دەستدرێژیی و هێرشەکانى تورکیا بگرێتە بەر.

 

فازڵ فەتلاوى ئەندامى فراکسیۆنى سادیقون لەپەرمانى عێراق بەئاژانسى هەواڵى عێراقى ڕاگەیاندووە، حکومەت دەبێت سێ ڕێوشوێن بگرێتە بەر، ئەوانیش بریتین لە ڕاگرتنى چالاکى بازرگانی لەگەڵ تورکیا، تۆمارکردنى سکاڵا لەئەنجومەنیى ئاسایش، کشانەوەى باڵیۆزى عێراق لەتورکیا.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، دووبارە کردنەوەى دەستدرێژییەکانى تورکیا ئەوەى لەسەر عێراق پێویستکردووە ڕێوشوێنى دیپلۆماتى و ئابوورى بگرێتە بەر.

 

فەتلاوى دەشڵێت، دووبارە کردنەوەى دەستدرێژییەکانى تورکیا بۆ سەرخاکى عێراق پێشێلکردنێکى ئاشکرایە و دەبێت کاردانەوەى ئەو کارەش لەلایەن حکومەت و پەرلەمانى عێراقەوە بەهێز بێت.

 

پەرلەمانتارەکەى سادیقون باسى لەوەش کردووە، فراکسیۆنەکان زیاتر لەجارێک داواى دانیشتنى نائاسایى پەرلەمان کردووە لەسەر ئەو دەستدرێژییانە.

 

پێشتریش ئەحمەد مەلا تەڵاڵ وتەبێژى حکومەتى عێراق ڕایگەیاندبوو، دەمێکە هێزەکانى تورکیا دەستدرێژییەکانیان بۆ سەرخاکى عێراق دووبارە دەکەنەوە و بەتوندى ئیدانەى ئەو کارانەش دەکەن کە دەبێتە هۆى تێکچوونى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات.

 

داواشى کردبوو، دەستبەجێ ئەو دەستدرێژییانە ڕابگیردرێن سەربارى پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەرییەکانى عێراق بووەتە هۆى قوربانیى لێکەوتن و زیانگەیاندنیش بەسەروو ماڵى هاوڵاتیانى عێراق.

 

وتەبێژى حکومەتى عێراق ئاماژەى بۆ ئەوەش کردبوو، حکومەتى عێراق لەڕێگەى باڵیوزى تورکیا لەبەغدا پەیامى ناڕەزایەتى بۆ تورکیا بەزمانێکى توند ناردووە و جەختیشى لەسەر ئەوە کردووەتەوە، پەنا دەباتە بەر یاسا و پەیماننامە نێو دەوڵەتیەکان بۆ پاراستنى مافى عێراق و ڕەتکردنەوەى ئەو دەستدرێژییانە.