ناس کورد-
شارى ووهان کەسەرچاوەى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و زیانمەندترین شارى چین بوو، پلانى دەستپێکردنى ساڵى نوێی خوێندنى ڕاگەیاند.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حکومەتى ناوخۆیى ووهان ڕایگەیاند، بڕیارە لەدەستپێکى ساڵى خوێندنی نوێدا لەوەرزى پایز 2 هەزار و 842 دامەزراوەى فێرکارى و چەندین دایەنگە لەشارى ووهان بکرێنەوە کە نزیکەى ملیۆنێک و 400 هەزار فێرکار لەخۆ دەگرێت و ڕۆژى دووشەممەش زانکۆى ووهان دەکرێتەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، پلانى کتوپڕ دانراوە بۆ خوێندنى ئۆنلاین گەر هاتوو ئاڕاستەى پەتاکە بەرەوە مەترسیدار ڕۆشت و ڕێنمایى خوێندکاران دەکرێت لەکاتى ڕۆشتن و گەڕانەوە بۆ قوتابخانەکانیان دەمامک ببەستن و تا ئەوەى لەتوانایاندایە لەشوێنى گشتى خۆیان بەدووربگرن.
حکومەتى ناوخۆیى ناوچەکە فەرمانى کردووە بەقوتابخانەکان بۆ ئەوەى کەرەستەى پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەى پەتاکە هەڵبگرن و چەند خولێکى مەشق و ڕاهێنان بەمەبەستى ئامادەباشى لەئەگەرى سەرهەڵدانەوەى پەتاکە بکەنەوە.
هەروەها لەسەر قوتابخانەکان سەپێنراوە کە گردبوونەوەى ناپێویست ئەنجامنەدرێت و ڕۆژانەش لەسەر دۆخەکە ڕاپۆرت بدەنە بەرپرسانى تەندروستى.