ناس کورد-
ئەمڕۆ (هەینى، 28ى ئابى 2020)، بەهۆى گرفتى تەندروستیەوە شینزۆ ئابى، سەرۆکوەزیرانى ژاپۆن دەستیلەکارکێشایەوە و ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەى سەرۆکێکى نوێ دیارى دەکرێت ئەرکەکانى ڕادەپەڕێنێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەمیانى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، شینزۆ ئابى، سەرۆکوەزیرانى ژاپۆن ڕایگەیاند :"ناتوانم لەسەر کورسى سەرۆکوەزیران بەردەوام بم گەر نەتوانم باشترین بڕیار بۆ گەلەکەم دەربکەم، بۆیە بڕیارمداوە کورسییەکەم بەجێبهێڵم".
ئابى کە تەمەنی 65 ساڵە ڕونیکردەوە، چەند ساڵێکە دووچارى هەوکردنى کۆڵۆنى درێژخایەن بووەتەوە و لەناوەڕاستى مانگى ڕابردووشەوە تەندروستى تێکچووە.
سەرۆکوەزیرانى ژاپۆن وتیشى :"لەکانگاى دڵمەوە داواى لێبوردن لەهاووڵاتیان دەکەم کە ناتوانم ئەرکەکانم لەو پۆستەدا ڕابپەڕێنم".
دەستلەکارکێشانەوەکەى ئابى دەبێتە هۆى کێبڕکێى سەرۆکایەتى پارتى دیموکراتى لیبراڵى دەسەڵاتدار و پێدەچێت دوو بۆ سێ هەفتە درێژە بکێشێت براوەى یەکەمیش لەپەرلەمانى ئەو وڵاتەوە وەکو سەرۆکى نوێى حکومەت دەستبەکار دەبێت و هەروەها سەرۆکایەتى حزبەکەش دەگرێتە ئەستۆ تا پڕکردنەوەى ئەو کاتەى کە لەویلایەتەکەى ئابیدا ماوەتەوە.