گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نهێنیی مردنی هەندێک کەس پاش چاکبوونەوەشیان لە کۆرۆنا ئاشکراکرا

2020.08.28 - 15:12
نهێنیی مردنی هەندێک کەس پاش چاکبوونەوەشیان لە کۆرۆنا ئاشکراکرا

ناس کورد-

توێژینەوەیەکی ئیتاڵی نهێنی گیانلەدەستدانی ئەو کەسانەی ئاشکراکرد کە پاش چاکبوونەوەیان لە پەتای کۆرۆنا مردوون و دەڵێت، بەهۆی لێکەوتەی ڤایرۆسەکەوە ئەو کەسانە دڵیان توشی کێشەی تەندروستیی بووەتەوە.

 

توێژینەوەکە ئیتاڵییەکە لە گۆڤاری "medXriv"ی پزیشکی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە و  دەریخستووە، ئەگەری هەیە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری بکاتە سەر خانە ماسولەکەییەکانی دڵ، بۆیە داوای لەو کەسانە کردووە کە نەخۆشییەکەیان تێپەڕاندووە و چاکبوونەتەوە چاودێری خۆیان بکەن و سەردانی پزیشک بکەن بۆ پشکنینی خۆیان. 

 

ئاماژە بەوەشکراوە، توێژەرە ئیتاڵییەکان لەڕێگەی چاودێریکردنی دۆخی تەندروستیی شەش حاڵەت کە پێشتر توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و دواترچاکبوونەتەوە و پاش ماوەیەک لەچاکبوونەوەیان گیانیلەدەستداوە، بۆیان دەرکەوتووە هۆکاری مردنەکانیان بەهۆی هەوکردنی ماسولکەی دڵەوە بووە. 

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو شەش کەسە پێش توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تەندروستییان زۆر باش بووە وهیچ کێشە و گرفتێکیان لە ماسولکەی دڵیاندا نەبووە.

 

توێژینەوە ئیتاڵییەکە جەختیلەوەکردووەتەوە: "دوای ئەنجامدانی توێکاری بۆ مردووەکان، دەرکەوتووە ڕێژەیەکی زۆر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەشێوەیەکی جێگیر لە ماسولەکەی دڵی ئەو کەسانەدا هەبووە، ئەوەش وایکردووە خانەکانی دڵ دوچاری گرفت بکاتەوە و لەکۆتاییدا بیانکوژێت ".

 

ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە داواشیان لەو کەسانە کردووە کە لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە چاودێری دۆخی تەندروستیی دڵیان بکەن و سەردانی پزیشک بکەن.

 

توێژینەوە ئیتاڵییەکە دوو توێژینەوەی دیکەی لەوبارەیەوە خستووەتەڕوو کە پێش مانگێک لەمەوبەر ئەوەیان دەرخستبوو، ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی نەرێنی و ترسناک کاریگەری دەکاتە سەر دڵی مرۆڤ و دووچاری کێشەی دەکاتەوە. 

 

توێژینەوەکە لەکاتێکدایە، پێشتر پزیشکە بەرازیلییەکان لە توێژینەوەیەکی دیکەدا ئەوەیان سەلماندبوو کە ڤایرۆسی کۆرۆنا گرفت بۆ ماسوڵکەی دڵی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستدەکات، ئەوەش دوای ئەوەی منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە خانەکانی دڵی دووچاری هەوکردن ببوو، پاش چەند ڕۆژێکیش مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی کێشەی تەندروستی لە دڵی  گیانیلەدەستدا.