گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

7 ئەندامی سەركردایەتی و كارگێڕی لق دەستیان لەكاركێشاوەتەوە

هەوڵى ئاشتکردنەوەى سەرکردە دەستلەکارکێشاوەکانى کۆمەڵ دەدرێت [تایبەت]

2019.04.24 - 14:00
App store icon Play store icon Play store icon
هەوڵى ئاشتکردنەوەى سەرکردە دەستلەکارکێشاوەکانى کۆمەڵ دەدرێت [تایبەت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد-ئەحمەد مستەفا

لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا، حەوت ئەندامی سەركردایەتی و كارگێڕی لق لە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەستیان لەكاركێشایەوە، لەئێستادا سەركردایەتی كۆمەڵ لەهەوڵدایە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو كادرانەی و لە حاڵەتێكدا ئەگەر ڕەزامەند نەبوون بە گەڕانەوە، ئازادیان دەكات لەوەی چ بژاردەیەك هەڵدەبژێرن.

.

(ناس كورد) زانیوویەتی، ئەو كادرانەی كۆمەڵی ئیسلامی كە دەستلەكاركێشانەوەیان ئاڕاستەی سەركردایەتی كۆمەڵ كردووە، تائێستا لەهیچ ناوەندێكی فەرمی ئەو حزبەوە، هەوڵی گەڕانەوەیان نەدراوە، بەڵام ئەندامێكیان دەڵێت"تا كۆمەڵ بەو عەقڵیەتەوە بەردەوام بێت، ناگەڕێینەوە".

.

لە 19ی نیسانی 2019، هەریەك لە سەلیم كۆیی ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی ناوەندی پەیوەندیەكانی كۆمەڵی ئیسلامی، سەعید هەركی ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی 11ی دەوروبەری هەولێر و ئیسماعیل رەسوڵ ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی 3ی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان لە كۆمەڵی ئیسلامی ڕاگەیاند.

.

لەنامەی دەستلەكاركێشانەوەیان ئاماژەیان بەوە كرد بوو، جێبەجێنەكردنی ئەو بنەما پیرۆزانەی ئیسلام كە بانگەشەی بۆ دەكرێت لەناو حیزب. بنەماكانی دادگەری، و یەكسانی و شورا و راوێژ، تەنها بوونەتە دروشم و لە هەڵسوكەوتی ناو حزب بەدیناكرێن و پێچەوانەكەشی جێبەجێ دەكرێن لە قۆرغكاری دەسەڵات لەناو گروپ و باڵێكی ناو كۆمەڵی ئیسلامی و دەركردنی چەندین بڕیاری نادادوەرانە بەسەر كادیر و ئەندامانی ناو حزب.

.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بە پشتگوێخستنی پێگەی سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسی و جەماوەریی شاری هەولێری كردبوو و بەبێ‌ ئەوەی ناوی هیچ كەسێك بهێنن ئاماژە بەوە دەكەن كە لەلایەن باڵێكی دەستڕۆیشتوەوە كێشە و گرفتی گەورە دروستكراوە بۆ مەڵبەند و ئەنجومەنەكانی سنوری پارێزگای هەولێر لەلایەن ئەو گروپە.

 

.

هاوكات، دوێنێ 23ی نیسانی 2019، كارگێڕ و سێ ئەندام مەڵبەندی لقی یانزەی شاری هەولێری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە پێكهاتبوون لە (هێمن ڕەسوڵ، عەبدولقادر ئیبراهیم، ڕەفعەت ڕەووف و بروسك عوسمان) دەستیانلەكاركێشایەوە و رایانگەیاند"دوای ئەوەی چەندین هەوڵ و پێشنیارمان رەتكرایەوە، لەلایەن باڵی دەسترۆیشتوی ئەنجومەنی بانگەواز و بەڕێوەبردن بۆ چاككردنی كێشە و گرفتە سەپێنراوەكان دەستلەكاركێشانەوەمان پێشكەش دەكەین".

.

ئەو كادرانەی لقی 11ی شاری هەولێری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، پشتیوانی خۆیان بۆ سێ ئەندامەكەی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دووپاتدەكەنەوە و داوای "پڕۆژەیەكی سیاسی سەربەخۆ دەكەن كە خزمەتی رابوونی ئیسلامی بكات".

.

دەربارەی نیگەرانییەكانی ئەو كادرە باڵایانەی كۆمەڵ، سەرچاوەیەكی باڵا لەناو سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەناس كورد-ی وت"ئەوانەی ڕوودەدەن لەناو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، كێشەی ئیدارین و ناوخۆین، بێگومان هەوڵدەدەین گفتوگۆ لەگەڵ ئەو كادرانەمان بكەین كە دەستیانلەكاركێشاوەتەوە".

.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، "هەر كەسێك بڕوات لەناو بازنەی كۆمەڵ برای بەڕێزە و لەگەڵ ئێمەدا بێت بەهەمان شێوە برای بەڕێزە، هەر‌وەك چۆن چوونە دەرەوەش لەناو ڕێكخستنەكانی كۆمەڵ ڕایەك و هەڵوێستێكی ئازادە، ئێمە نامەنەوێت ململانێ دروست ببێت لەناو كۆمەڵ".

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەیەوێت لەناوخۆی حزبەكەی ئەو گرفت و كێشانەی دەوترێت و باسدەكرێت چارەسەر بكات، لەبارەی هەوڵدان بۆ هێنانەوەی ئەو كادرانە، ئەو سەرچاوەیە دەڵێت،"هەوڵدەدەین و بێگومان دەمانەوێت بێنەوە ناو كۆمەڵی ئیسلامی، بەڵام ئەگەر نەشیەنە‌وە ئازادن، ئەوان بۆ خۆیان دەزانن چی دەكەن".

.

سەبارەت بە بێدەنگی سەركردایەتی كۆمەڵ لەبەرامبەر دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامەكانی، ئەو سەرچاوەیە روونیكردەوە، بەپێویستی نازانن لەسەر ئەو قسانەی كە تائێستا كراون وەڵام بدەنەوە.

.

یەكێك لەو ئەندامە دەستلەكاركێشاوانەی كۆمەڵ كە بۆ ناس كورد بەمەرجی ناونەهێنان قسەی كرد، جەختی كردەوە، تائێستا لەناوەندە فەرمییەكانی كۆمەڵەوە پەیوەندی نەكراوە بۆ گەڕانەوەیان، بەڵام دەزانن ئەوان پێیان خۆشە بگەڕێنەوە.
وتیشی "ئەگەر ئەو داواكارییانەی هەبوون و ڕامانگەیاندووە، جێبەجێبكرێن، بەڵێ ئەو كاتە ئاساییە و گفتوگۆ دەكەین".

.

"بەڵام ئەگەر ئەو دۆخەی ناو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دروستكراوە و بەبێ پلانی و نەبوونی بەرنامەی كار و نەبوونی هەڵوێستی جدی لەئاست پرسەكان و وەك پێشوو بێت، ئەوا بەهیچ شێوەیەك قسە لەسەر گەڕانەوە ناكەین" ئەو ئەندامە دەستلەكاركێشاوەی كۆمەڵ وای وت.

.