گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەپێشوازی لە وەزیری بەرگریی فەڕەنسا

سەرۆککۆماری عێراق: پێویستە پێشیلكارییە سەربازییەكانی توركیا کۆتایی پێبهێنرێت

2020.08.27 - 13:32
سەرۆککۆماری عێراق: پێویستە پێشیلكارییە سەربازییەكانی توركیا کۆتایی پێبهێنرێت

ناس کورد-

لەمیانی پێشوازیكردنی لە وەزیری بەرگری فەرەنسا، سەرۆككۆماری عێراق ڕایگەیاند، پێویستە پێشیلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق كە بە سەرپێچیەكی روون و ئاشکرا دادەنرێت بوەستێنرێت، وەزیری بەرگریی فەڕەنساش پشتیوانی وڵاتەکەی لەوبارەیەوە بۆ عێراق ڕاگەیاند.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی ئابی 2020، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە فلۆرانس بارلی، وەزیری بەرگری فەرەنسا و شاندی هاوڕێی.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندروێکدا سەرۆکایەتی کۆماری، لە دیدارەکەدا سەرۆككۆمار جەختیكردەوە لەپێویستی خستنەگەڕی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ بەردەوامیدان بە جەنگی دژ بە تیرۆر و ریشەكێشكردنی یەکجاری ئەو هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش و پتەوكردنی هاریكاری و هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەموو شێوەكانی توندڕەوی.

 

ھاوکات ئاماژەیكرد بۆ گرنگی راوێژ و كاری هاوبەش لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و کۆتایی ھێنان بە قەیران و گرژییەكان لە ناوچەکەدا، هەروەك رۆڵی كارای فەرەنسای بەرزنرخاند لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش.

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆككۆمار جەختیكردەوە لە پێویستی پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی عێراق بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری و رێگرتن لە دەست خستنە ناو كاروباری ناوخۆی عێراق.

 

دووپاتیشیكردەوە لەگرنگی راگرتنی پێشیلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق كە بە سەرپێچیەكی روون و ئاشکرا دادەنرێت بۆ سەر سەروەری وڵات و پێشیلكردنی یاسا و رێكکەوتنامە نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندییەكانی دراوسێیەتی.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەلای خۆیەوە وەزیری بەرگری فەرەنسا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سەقامگیری عێراق و پاراستنی سەروەری و پاڵپشتی فەرەنسای هاوشانی عێراق بۆ رێگریگردن لە پێشێلكارییەكان بۆ سەر خاكەكەی دووپاتکردەوە، ئامادەیشی نیشاندا بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی بە هێزە عێراقییەكان لەرووی ئامادەکردن و راهێنان بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر.

 

هەر لەو دیدارەدا باس لە بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكارییەكان لە تەواوی بوارەكاندا کرا، بە تایبەت هەماهەنگی ئەمنی و بونیادنانی توانا سەربازییە عێراقییەكان و خستنە رووی دواین گۆرانكاری و بەرەوە پێشچونەكان لە سەر ئاستی هەردوو گۆرەپانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.