گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق 40%ی بەرهەمی کشتوکاڵیی لەدەستداوە

2020.08.26 - 20:55
عێراق  40%ی بەرهەمی کشتوکاڵیی لەدەستداوە

ناس کورد-

ڕێکخراوی "خۆراک و کشتوکاڵ"ی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی داعش و وشکە ساڵی، عێراق لە 40%ی بەرهەمی کشتوکاڵی  خۆی لەدەستداوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان  کە ناسراوە بە( فاو) "عێراق بەهۆی شەڕی داعشەوە نزیکەی لە 40%ی بەرهەمی کشتوکاڵی خۆی لە دەستداوە".

 

ئاماژە بەوەکراوە، "زیاتر لە 12 ملیۆن هاووڵاتی عێراقی نیشتەجێی گوندەکانن و بەکاری کشتوکاڵیی و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن کە ڕێژەکەی دەکاتە سێیەکی کۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی عێراق کە لە ئێستادا بە نزیکەی 44 ملیۆن کەس دەخەملێنرێت".

 

ڕێکخراوە جیهانییەکە ئاماژەی بەوەشکردوو: " لە ئاکامی شەڕی چەکدارانی داعشدا بەشێکی زۆر لەژێرخانی کشتوکاڵی عێراق دووچاری زیان بووەتەوە، ئەوەش خۆی دەبینێتەوە لە زیانگەیاندن بە سەرچاوەکانی ئاو، ئامرازە کشتوکاڵییەکان، تۆو، بەروبوومە عەمبارکراوەکان، ئاژەڵ و پەلەوەر".

 

ئەوەشخراوەتەڕوو: "وەشکە ساڵی و کەمی باران لەم وەرزدا زیانی گەورەی بەعێراق گەیاندووە، بەجۆرێک بەوهۆیەوە عێراق نزیکەی لە 30%ی بەرهەمی ناوخۆیی خۆی   لە گەنم و جۆی لەدەستداوە".

 

لە ساڵی 2018 ڕێکخراوی( فاو) پلانێکی بەرفراوانی داڕشت بۆ نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی ئاودێری و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی ڤێتەرنەری، ئەوەش بەمەبەستی هاوکاریکردنی زیاتر لە ملیۆنێک و600 هەزار هاووڵاتی عێراقی کە لەو کەرتەدا کاردەکەن".

 

 لە ساڵی 2014 وە و بەهۆی شەڕی ڕێکخراوی داعش، هەزاران جوتیار لە ناوچەکانی باکورو باکوری خۆرهەڵاتی عێراق ناچاربوون زێدی خۆیان بەجێبهێڵن و لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق بگیرسێنەوە.