گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆکی نامەکەی مستەفا کازمی بۆ بەشار ئەسەد ئاشکراکرا

2020.08.26 - 19:58
ناوەڕۆکی نامەکەی مستەفا کازمی بۆ بەشار ئەسەد ئاشکراکرا

ناس کورد-

ئاژانسی سانای فەڕمیی سوری ناوەڕۆکی ئەو نامەیەی ئاشكراکرد کە مستەفا کازمیی بۆ بەشارد ئەسەدی ناردووە و ڕایگەیاند،  کازمی داوای لە ئەسەد کردووە، پێکەوە کاربکەن بۆ پاراستنی سنورەکان، ئەوەش دوای هەندێک چالاکی داعش و هەروەها سنوربەزاندنەکانی تورکیا لەعێراق.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی ئابی 2020، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سوریا و نامەیەکی کازمی گەیاندە بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەو وڵاتە.

 

لەوبارەیەوە، ئاژانسی سانای فەرمیی سەربە حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە: کازمی لە نامەکەیدا جەختی لە کاری هاوبەش کردووەتەوە لە چەند بوارێکی ئەمنیدا و ڕایگەیاندووە: "نابێت وڵاتەکانمان هەماهەنگی ئەمنیان لەگەڵ یەکتردا نەبێت."

 

بەگوێرەی ئاژانسە سورییەکە، لە نامەکەیدا کازمی داوای لە بەشاری ئەسەدی سەرۆکی سوریا کردووە، کاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریزم لە ناوچە سنورییەکاندا بەهێزتر بکەن و ڕووبەڕووی ببنەوە.

 

لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی تورکیا لە عێراق گرژی لەنێوان هەردوو وڵاتدا دروستبوو، عێراق بەڕێگەی جیاواز داوایکرد، تورکیا دەست لە سنوربەزاندنەکانی هەڵبگرێت، بەڵام ئێوارەی دوینێ سێشەممە، جارێکی دیکە فڕۆکەکانی تورکیا ئاسمانی عێراقیان بەزاند و لە بۆردومانێکدا لە شنگال چەند هاووڵاتییەکی مەدەنیان شەهید کرد.

 

ناردنی پەیامەکەی کازمیش بۆ ئەسەد بە بەرپرسێکی باڵای سەربازییدا و داواکردن بۆ پاراستنی سنورەکان، پێدەچێت بۆ دژایەتیکردنی تورکیا و هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن بێت لەو وڵاتە لە سنوربەزاندنەکانی بۆسەر عێراق.