گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڵسەنگاندنى تەندروستى جیهانى بۆ دۆخى کۆرۆنا لە هەرێم: گیان لەدەستدان بەرزە، بەڵام چاکبوونەوەش زۆرە

2020.08.26 - 14:05
هەڵسەنگاندنى تەندروستى جیهانى بۆ دۆخى کۆرۆنا لە هەرێم:  گیان لەدەستدان بەرزە، بەڵام چاکبوونەوەش زۆرە

ناس کورد-

 

ئەدهەم ئیسماعیل نوێنەرى رێکخراوى تەندروستى جیهانى ڕایگەیاند، ڕێژەى گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لە هەرێم کەمێک بەرزە و دەکرێت چارەسەر بکرێت، بەڵام چاکبوونەوەش زۆرە.

 

ئەو وتانەى ئەدهەم ئیسماعیل لەمیانەى سەردانێکیدا بۆ هات بۆ پارێزگاى سلێمانى و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى ئیدارى شارەکە، بۆ تاوتوێکردنى دۆخى کۆرۆنا.

 

ئەدهەم ئیسماعیل لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسى هاوبەشدا لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى وتى "هەرێم یەکێکە لەو شوێنانەى لەسەرەتاوە بەشێوەیەکى زۆر باش بەرگەى گرت و ژمارەى توشبوون و گیان لەدەستدان کەمبوو".

 

وتیشى "بەڵام بەهۆى جەژنەکانى رەمەزان و قوربانەوە ئامارەکان بەرزبوونەوە، لە ئێستاشدا رێژەى گیان لەدەستدان کەمێک بەرزە و دەکرێت چارەسەر بکرێت، بەڵام چاکبوونەوەش سەرووى 75% ە کە بەرزە و دەکرێت باشتریش بکرێت".

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، لە ئێستادا کۆى گشتى توشبوون بە کۆرۆنا گەیشتووەتە 25 هەزار و 926 توشبوو، کە 948 کەسیان مردوون و 15 هەزار و 494 یان چاکبوونەتەوە.

 

ئەدهەم ئیسماعیل جەختیکردەوە، کە ژیانى پێش کۆرۆنا و دواى کۆرۆنا جیاوازە و تا ئێستاش هیچ ڤاکسینێک نەدۆزراوەتەوە، بۆیە پێویستە ماسک بببێتە کارێکى سەرەکى کە هاوڵاتیان بیبەستن، لەگەڵ پابەندبوون بە دورکەوتنەوەى کۆمەڵایەتى.

 

ئەوەشى خستەڕوو، کە لەگەڵ هاتنى وەرزەى زستان دەچنە قۆناغێکى نوێی بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە و رەنگە کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتاى ساڵى داهاتوو ڤاکسین بدۆزرێتەوە.

 

لاى خۆیەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى ڕایگەیاند، وەک خۆ ئامادەکاریی بۆ شەپۆلى نوێی ڤایرۆسەکە لە وەرزەکانى پایز و زستان داواى دروستکردنى نەخۆشخانەیەکى تایبەت بە کۆرۆنایان کردووە، تەندروستى جیهانیش ئامادەی هاوکاریکردنى دەربڕى.