گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەى دارایی پەرلەمان: بودجەى 2021 جیاواز دەبێت و لەسەر بنەماى دوو نرخى نەوت دیاریدەکرێت

2020.08.26 - 08:47
لیژنەى دارایی پەرلەمان: بودجەى 2021 جیاواز دەبێت و لەسەر بنەماى دوو نرخى نەوت دیاریدەکرێت

ناس کورد-

 

بڕیاردەرى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، بودجەى 2021 جیاواز دەبێت و پێویستە لەسەر بنەماى دوو نرخى نەوت قەبارەکەى دیاریبکرێت.

 

بەپێی یاسا پێویستە ساڵانە حکومەتى عێراق تا ناوەڕاستى تشرینى یەکەم پڕۆژەى بودجە رەوانەى پەرلەمان بکات، حکومەت بەڵێنیداوە پڕۆژەکە لەوادەى خۆیدا رەوانە بکات، لەکاتێکدا بۆ ئەمساڵ بەبێ پڕۆژەى بودجە کارەکان راییدەکات.

 

ئەحمەد سەفار بڕیاردەرى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە ئاژانسى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، بودجەى 2021 بودجەیەکى کورت و پوخت دەبێت و زیاتر جەخت لەسەر لایەنى بەگەڕخستن دەکاتەوە و بودجەیەکى جیاواز دەبێت و قەرەبووکردنەوە دەبێت بۆ بودجەى ئەمساڵ، بەپێی ئەو بارودۆخە دارایی و تەندروستی و ئەمنییەى هەیە سەربارى ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە.

 

وتیشى "پەسەندکردنى بودجەکە پەیوەستە بە ناردنى بۆ پەرلەمان لەلایەن حکومەتەوە، بودجەکە پێویستە لەسەر بنەماى دوو نرخى نەوت دیاریبکرێت".

 

ئەحمەد سەفار رونیشیکردەوە "نرخى یەکەمیان جێگیرە و لایەنى بەبەکاربردن و خەرجییەکان دەگرێتەوە، ئەوەى دیکەیان جوڵاو دەبێت و بۆ بودجەى وەبەرهێنانە، بەو واتایەى لەئەگەرى بەرزبوونەوەى نرخى نەوتدا دەستدەکرێت بە وەبەرهێنان، بەڵام ئەگەر بە نزمى مایەوە تەنها خەرجییە سەرەکییەکانى وەک موچە و دەرمان و بەشە خۆراک و چەند خەرجییەکى دیکە پارەیان بۆ تەرخاندەکرێت".