گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق و هەرێم لە نێوان توندی ئەمریکا و پێویستبوونی ئێران گیریان خواردووە

2019.04.24 - 11:17
عێراق و هەرێم لە نێوان  توندی  ئەمریکا و  پێویستبوونی  ئێران گیریان خواردووە

ناس کورد-

بڕیارەکەى ئەمریکا بۆ کۆتایی هاتنى ماوەى بەخشینی چەند وڵاتێک لە سزاکان و ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانى لەگەڵ ئێران حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدی خستووەتە دۆخێکى دژوارەوە، چونکە لەلایەک بەغدا پەیوەندییەکى زیندوو و توندوتۆڵی لەگەڵ واشنتۆن هەیە و ناتوانێت بە ئاسانى لێی دەربچێت، لەلایەکى دیکەوە ئێران دەیەوێت عێراق بکاتە تاکە دەرچەى ئابوریی خۆی بە تایبەت لەدوای مانگی ئایارەوە.

 

.

بەپێی ڕاپۆرتێکى ماڵپەڕی عەرەبی لەندەنی، چەند لایەنێکى سیاسی لە بەغدا پێیان وایە عێراق بووەتە تاکە دەرچەی ئابوری ئێران بەڕووی جیهاندا، بەڵام ئەوەش هەروا ئاسان نابێت.

عێراق بۆ دابینکردنی وزەى کارەبا و غاز پشتی بە ئێران بەستووە بە تایبەت لە وەرزی هاویندا چونکە لە وەرزی گەرمادا خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت.

ئایا هەلێکى تر دەدرێتە عێراق؟

بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان هەلێکى دیکە بۆ هەڵاوێردەکردنی عێراق و بەخشینی لە سزاکان و ئەنجامدانی بازرگانى لەگەڵ ئێران بەدور نازانن.

حەسەن فدعەم، ئەندامی لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، "واشنتۆن کار دەکات بۆ درێژکردنەوەى هەڵاوێردەکردنی عێراق لە سزاکانى سەر ئێران و ئەوانیش لەڕێگەى پەیوەندییەکانییەوە هەوڵ دەدەن فشار بخەنە سەر واشنتۆن بۆ هەڵاوێردەکردنی عێراق لە سزاکان."

.

هەرێمی کوردستان چی دەکات؟

لەبارەى پێگەى هەرێم لە بابەتەکەدا، نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتى هەرێم لە ئێران بە ناس کورد-ی وت، "هەرێمی کوردستان و عێراق کاریگەر دەبن بە بڕیارەکانى ئێران و ئەمریکا لەدژى یەکتر، هه‌رێم له ‌چوارچێوه‌ى ده‌ستورى عێراقدا مامه‌ڵه‌ دەکات، دەشبێت پابه‌ندى ئه‌و سیاسه‌ته‌ بێت كه‌ عێراق جێبه‌جێى ده‌كات، عێراق سیاسه‌تى خۆى هه‌یه‌ و نایانه‌وێت خاكه‌كه‌ى ببێته‌ شوێنێك بۆ ساغكردنه‌وه‌ى ململانێى هیچ وڵاتێك".

.

"ڕژدی و توندی ئەمریکا"

بەڵام ڕژدبوون و توندی ئەمریکا لە لێدوانەکانى جۆی هود، باڵیۆزی کاربەڕێکەری ئەمریکا ڕەنگیدایەوە بەوەى ئەگەر عێراق پێشێلی سزا ئابورییەکانى سەر ئێران بکات، ڕێوشوێنى بەرامبەر دەگرنەبەر.

جۆی هود وتی، "ئێران فشاری خستووەتە سەر عێراق بۆ پێشێلکردنی سزاکانی سەری، بەڵام عێراق خۆی ڕوبەڕوی ڕێوشوێنی توندی ئەمریکا دەکاتەوە ئەگەر پابەندی جێبەجێکردنی سزاکان نەبێت."

جەختیشیکردەوە کە وڵاتەکەى "هەڵاوێردەکردنێکى کورتی بە عێراق بەخشیووە بۆ هاوردەکردنی وزە لە ئێران، بەڵام دەمانەوێت عێراق بۆ خۆی وزە و غاز بەرهەمبهێنێت بەبێ پشتبەستن بە هیچ کەسێک."

.

فراکسیۆنى فەتح وەڵامی هەیە

قوسەی عەباس، پەرلەمانتاری فراکسیۆنى فەتح لە پەرلەمانى عێراق کە باڵی سیاسیی لایەنێکى چەکداری ناو حەشدی شەعبییە و لە ئێرانەوە نزیکە لەبارەى لێدوانەکانى باڵیۆزی کاربەڕێکەری ئەمریکا لە بەغدا دەڵێت، "باڵیۆزی ئەمریکا دەیەوێت هەڕەشە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان بکات بە مەبەستى ڕێگریکردن لە دەرچوونی هەر یاسایەک لەدژى بوونی هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق."

قوسەى عەباس داوای لە وەزارەتى دەرەوەى عێراق کرد بانگهێشتى باڵیۆزی ئەمریکا بکات و یاداشتنامەى ناڕەزایەتی فەرمی ڕادەستبکات.

.

سزاکان بۆسەر عێراقن یان عێراقییەکان؟

ئیسحان شەمەری کە شیکەرەوەیەکى سیاسیی عێراقییە پێشبینی دەکات ئەمریکا لیستی ناوی کەسایەتییە سیاسیی و لایەن و بازرگانە عێراقییەکانى نزیک لە ئێران دابنێت و بیانخاتە لیستی تیرۆرەوە.

شەمەری دەشڵێت، "پێموایە واشنتۆن عێراق دەکاتە نمونەیەک بۆ تاقیکردنەوەى تواناکانى لە دۆزینەوەى جێگرەوەکان، بە تایبەت لەئێستادا گۆڕەپانی کارکردنی ئەمریکا لە عێراق فراوانترە و سعودیە و ئەردەن و میسریش خواستی پڕکردنەوەى وزەى عێراقیان هەیە کە ئەوەش بەماناى دورکەوتنەوە دێت لە بەکارهێنانی وزەى ئێرانی."