گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’کورد لەناوچە جێناکۆکەکان لیستى هاوبەشى هەبێت’

پەرلەمانتارێک: پێویستە فراکسیۆنە کوردییەکان هەڵویستیان یەکبخەن لەسەر یاساى هەڵبژاردن و دابەشکردنى بازنەکان

2020.08.25 - 13:53
پەرلەمانتارێک: پێویستە فراکسیۆنە کوردییەکان هەڵویستیان یەکبخەن لەسەر یاساى هەڵبژاردن و دابەشکردنى بازنەکان

ناس کورد-

 

پەرلەمانتارێکى کورد لە پەرلەمانى عێراق جەختدەکاتەوە پێویستە فراکسیۆنە کوردییەکان هەڵویستى خۆیان یەکبخەن لەسەر تەواوکردنى یاساى هەڵبژاردنەکان و پرسی دابەشکردنى بازنەکان، بۆ ئەوەى کورد زیانى بەرنەکەوێت.

 

 

چاوڕواندەکرێت مانگى داهاتوو لە وەرزى نوێی یاساداناندا پەرلەمانى عێراق پرسی تەواوکردنى یاساکە تاوتوێبکات و بازنەکانى هەڵبژاردن یەکلایی بکاتەوە کە ناکۆکى گەورەى لەسەرە، ئەوەش بەمەبەستى رێگەخۆشکردن بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە کە لەلایەن مستەفا کازمییەوە وادەى دیاریکراوە.

 

بەهار مەحمود پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند "بڕیارە نۆى مانگى داهاتوو دانیشتنەکانى پەرلەمان دەستپێبکەنەوە و یەکەم کارمان تەواوکردنى یاساى هەڵبژاردنەکانە".

 

پڕۆژە ياساى نوێى هەڵبژاردن كە يەكێك بوو لە داواكارييە سەرەكييەكانى خۆپيشاندەرانى دژ بە حكومەتى عێراق، لە 24ی کانوونی دووەمی 2019  لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكرا.  

  

پرۆژە ياساکە لەلایەن فراكسيۆنە كورديیەكانەوە ڕەتکرایەوە بۆيە دانيشتنەكەيان بايكۆت كرد و لە كۆى 329 ئەندام 184 پەرلەمانتار ئامادەى دانیشتنەكە بوون و پرۆژە ياساكە بە زۆرينەى دەنگ پەسەندكرا.

 

بەهار مەحمود کە ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراقە وتى "پێویستە وەک چۆن یاساکەمان رەتکردەوە، ئێستاش لایەنە کوردییەکان کۆدەنگ بین لەسەر ئەوەى چیمان دەوێت، بۆ ئەوەش پێویستە هەڵویستەکان یەکبخرێن، بەڵام تا ئێستا هەر لایەنە و لەروانگەى بەرژەوەندى خۆیەوە سەیرى پرسەکە دەکات".

 

رونیشیکردەوە "بۆ نمونە ئێمە وەک گۆڕان پێمانباشە وەک خۆى بمێنێتەوە واتە هەر پارێزگایەک بازنەیەکى هەڵبژاردن بێت بەڵام لایەنەکانى دیکە بۆچونیان جیاوازە".

 

دیارتیین ناکۆکییەکانى ئێستا لەسەر چۆنیەتى دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردنە کە بووەتە بەربەستێکى گەورە لەبەردەم تەواوکردنى یاساکە، کە بە چوارچێوەیەکى یاسایی دادەنرێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن.  

  

بە گوێرەى ماددەى 15ى پڕۆژەياساكە، ناوەندەكانى هەڵبژاردن لە بازنەى شارۆچكەكان دياريدەكرێن و ئەو كەسەى لە هەر شارۆچكەيەك زۆرترين دەنگ بهێنێت دەبێتە ئەندام پەرلەمان.

 

بەپێی یاساکە، هەر پارێزگایەک دەبێتە چەند بازنەیەکی جیاواز یان هەر 100 هەزار کەسێک بازنەیەکی هەڵبژاردنی لێ دروست دەکرێت، کورد ترسی هەیە لەبارەى دەنگى ئەو ناوچە جێناکۆکانەى کە ژمارەى دانیشتوانیان ناگاتە ئەو ڕێژەیە، کە چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

 

بەوتەى بەهار مەحمود ئەگەر یاساکە بەم شێوەیەى ئێستا تێپەڕێنرێت، ئەوا پێویستە کورد لەناوچە جێناکۆکەکان بەیەک لیست بەشدارى بکات، بۆ ئەوەى زیانى بەرنەکەوێت.

 

زۆرینەى کوتلە سیاسییەکان کۆتایی ساڵى ڕابردوو لەژێر فشارى شەقامى ناڕازیدا دەنگیان بەیاساکەدا، بەڵام دواتر لەکاتى گفتوگۆکان لەسەر چۆنیەتى دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردن هەڵوێستەکانیان گۆڕانى بەسەردا هات و ناکۆکى لەنێوانیان سەریهەڵدا.  

  

بەهار مەحمود پێیوایە، بۆ تەواوکردنى یاساکە سێ ئاستەنگ هەن، ئاستەنگى سیاسی کە نانکۆکى نێوان لایەنەکانە، ئاستەنگى یاسایی کە جێبەجێکردنى یاساکە بەهۆیەوە مەحاڵ دەبێت،  ئاستەنگى تەکنیکى کە تایبەتە بە بازنەکانى هەڵبژاردن لەکاتێکدا هیچ سەرژمێریەک نییە پشتى پێ ببەسترێت.

 

کوتلە سیاسییەکان لەئێستادا بەسەر چەند بۆچونێکدا دابەشبوون لەبارەى بازنەکانى هەڵبژاردنەوە، هەندێک دەیانەوێت عێراق یەک بازنە بێت و هەڵبژاردن بە لیستى داخراوبێت، هەندێ کوتلەى دیکە دەیانەوێت بازنەکان لەسەر ئاستى پارێزگاکان بێت وەکو پێشوو، هەندێکى دیکەش دەیانەوێت لەسەر ئاستى قەزاکان بێت، کوتلەکانى دیکەش دەیانەوێت لەسەر ئاستى بازنەى تاکەکەسى بێت واتە 328 بازنەى هەڵبژاردن.