گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’کازمى لەسەر بەرپرسیارێتى خۆى ڕێککەوتنەکەى کردووە’’

مەسرور بارزانى: حکومەتى عێراق یەکدەنگ نییە لەسەر ڕێککەوتنەکەى لەگەڵ هەرێم

2020.08.24 - 23:34
مەسرور بارزانى: حکومەتى عێراق یەکدەنگ نییە لەسەر ڕێککەوتنەکەى لەگەڵ هەرێم

ناس کورد-

مەسرور بارزانى ڕایگەیاند، حکومەتى عێراق یەکدەنگ نییە لەسەر ئەو ڕێککەوتنەى لەگەڵ هەرێم کراوە و مستەفا کازمى لەسەر بەرپرسیارێتى خۆى ڕێککەوتنەکەى کردووە.

 

ناوەڕاستى ئەم مانگە مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم و مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕێککەوتنێکى سێ مانگیان ڕاگەیاند، بۆ چارەسەرى کێشەى موچە و بودجە بەشێوەیەکى کاتى تا گەیشتن بە رێککەوتنى گشتگیر.

مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ئەمشەو لە چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند "بەداخەوە لەناو حکومەتى عێراق هەمویان هاودەنگ نین لەسەر ئەوەى ئەم رێککەوتنە بەم شێوەیە خێرایە کە کراوە، پێویستى بە گفتوگۆى زیاترە لەبەرئەوە ئێمە ئامادەیمان نیشانداوە کە بەردەوام بین لە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتى عێراق".

 

بەپێی رێککەوتنە کاتییەکە، بەغدا تا کۆتایی ئەمساڵ مانگانە 320 ملیار دینار دەنێرێت بۆ هەرێم لەبەرانبەر رادەستکردنى نیوەى داهاتى گومرگ و وردبینیکردنى داهاتى دەروازەکان لەلایەن چاودێرى دارایی عێراقەوە.

 

مەسرور بارزانى وتى، "مستەفا کازمى لەسەر بەرپرسیارێتى خۆى بڕیارى لەسەر ئەو سێ مانگە داوە، تا بتوانین لەو ماوەیەدا بگەین بە رێککەوتنى گشتگیرتر لەبارەى ئەو بابەتاتە بەتایبەتى بودجە، چونکە ئەمەى ئێستا بەغدا دەینێرێت بەشێکى زۆر بچوکە لەمافى خەڵکى کوردستان".

 

جەختیشیکردەوە، کێشەى ئەوان لەگەڵ بەغدا تەنها موچە نییە بەڵکو پەیوەندى بە دۆسیەکانى ناوچە دابڕێنراوەکان، پێشمەرگە و وزە و مافەکانى هەرێمەوە هەیە.

 

لەبارەى تێڕوانینى کازمى بۆ ماددەى 140 ى دەستورى تایبەت بە یەکلاکردنەوەى کێشەى ناوچە جێاکۆکەکانن بارزانى وتى "کازمى خۆى تێڕوانینى باشە لەبارەى ماددەى 140 ەوە".