گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەلا کرێکار لە زیندانەوە دەدوێت.. ’’خەڵک هەیە لەسەر لایک گیراوە’’

2020.08.24 - 19:01
App store icon Play store icon Play store icon
مەلا کرێکار لە زیندانەوە دەدوێت.. ’’خەڵک هەیە لەسەر لایک گیراوە’’

ناس کورد-

مەلا کرێکار لە زیندانەکەى لە ئیتاڵیا دەڵێت، خەڵکی وای لێیە لەسەر لایکێک بە یاسای دژە تیرۆر حوکم دراوە، یان هەیە لە ئەوروپاوە چووەتە میسر و لەوێ چوار پەنجەی دەستی بەرزکردووەوە و وتوویان ئەوە ئاماژەیە بۆ مەیدانی ڕابعەی عەدەوی و بە یاسای دژە تیرۆر حوکم دراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 24ی ئابی 2020، خالید ڕەنجدەر، برای مەلا کرێکار لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، "ئەمڕۆ کاتژێر 9ی پێش نێوەڕۆ بە سکایپ ماوەی یەک کاتژێر بە کوردی و بێ بوونی چاودێر و موتەرجیم قسەمان لەگەڵ مامۆستا کرێکار کرد و، هەواڵی نوێی کوردستان و هەندێک وڵاتی ترمان پێگەیاند و، ئەویش باسی بارودۆخی خۆی لە زیندانەکەی بۆ کردین."

 

خالید ڕەنجدەر دەڵێت، مەلا کرێکار وتی "ئاسایشی زیندانەکە توندوتیژە و، بۆ هەر زیندانییەک بەلای کەمەوە سێ پاسەوان دانراوە."

 

"هەروەها وتی کە ڕۆژانە حەوت کاتژێر لە دەرەوەی ژوورەکەیەتی و وەرزش و جموجوڵی خۆی دەکات، زیندانییەکان بەویشەوە دەتوانن داوای ئەو شتانە بکەن کە پێویستیان پێیەتی و دەبێ بە پارەی خۆیان بیکڕن."

 

خالید ڕەنجدەر نوسیویەتی، مەلا کرێکار وتوویەتی کە "خەڵکی وای لێیە لەسەر لایکێک بە یاسای دژە تیرۆر حوکم دراوە. یان خەڵک هەیە لە ئەوروپاوە چووەتە میسر و لەوێ چوار پەنجەی دەستی بەرزکردووەوە و وتوویان ئەوە ئاماژەیە بۆ مەیدانی رابعەی عەدەوی و، بە یاسای دژە تیرۆر حوکم دراوە."


دەشڵێت، مەلا کرێکار "بە گشتی لە بارودۆخی زیندانەکە ڕازی بوو، بەڵام لە ئەدای دادگاکانیان ڕازی نەبوو و وتی وەک سیستەم بستێک لەملای سیستەمی دادگاکانی میسرەوەیە و، دادوەر هەرچی بیەوێت بڕیاری لەسەر دەدات و، ئەوەی گوێی لێ نەگیرێت زیندانییەکە و پارێزەرەکەیەتی."

 

"باسی ئەوەشی بۆ کردین کە لەو بەشەی ئەوی لێیە خەڵکی بیانی تریشی لێیە، بەتایبەتی موسوڵمان. مامۆستا دەرسی قورئان و زانیارییان پێ دەدات لەسەر ئیسلام."

 

وەک خالید ڕەنجدەر نوسیویەتی، مەلا کرێکار بەنیازە دەست بکاتەوە بە نووسینەکانی.