گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سێکتەرەکان چالاکبوونەتەوە

وەزارەتى بازرگانى بۆ ناس کورد مژدەى ’’بوژانەوەى جموجۆڵى بازرگانى’’ دەدات

2020.08.24 - 18:04
وەزارەتى بازرگانى بۆ ناس کورد مژدەى ’’بوژانەوەى جموجۆڵى بازرگانى’’ دەدات

ناس کورد-

بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم ڕایگەیاند، قەبارەى جموجۆڵى بازرگانى لە نیوەى یەکەمى ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەى ساڵى ڕابردوو کەمیکردووە، بەڵام لەسەر ئاستى مانگانە لەمساڵدا قەبارەکە ڕووەوە بوژانەوەیە.

 

لە مانگى شوباتى ئەمساڵەوە قەبارەى جموجۆڵى بازرگانى هەرێم بەڕێژەیەکى بەرچاو رووى لەدابەزین کرد، دواى ئەوەى بەهۆى سەرهەڵدانى کۆرۆناوە دەروازە سنورییەکان داخران و تەنها بۆ چەند سێکتەرێک رێگە بە جوڵەى بازرگانى درا.

 

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەرى گشتى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا قەبارەى جموجۆڵى بازرگانى هەرێم 20% بۆ 30% کەمیکردووە بەراورد بە هەمان ماوەى ساڵى ڕابردوو".

 

وتیشى، "لەمانگى شوباتى ئەمساڵ تا ناوەڕاستى مانگى حوزەیران تەنها دوو بۆ سێ سێکتەتر چالاکبوون، لەوانەى هاوردەکردنى کەلوپەلى خۆراک و پزیشکىن بەڵام لەو کاتە بەدواوە سێکتەرەکانى دیکەش چالاکبوونەتەوە وەکو پیشەسازى و کەلوپەلى ئینشائی".

 

بەوتەى نەوزاد ئەدهەم، لەمساڵدا لەسەر ئاستى مانگانە جموجۆڵى بازرگانى رووەوە بوژانەوەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتەوە ساڵى ڕابردوو.

 

بوژانەوەى جموجۆڵى بازرگانى دواى هەڵگرتنى رێوشوێنەکانى بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا هات لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە لەچەند مانگى ڕابردوودا و کردنەوەى دەروازەکان بەرووى جموجۆڵى بازرگانیدا.