گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’زۆرینەی شتەکان کۆتایی هاتووە’’

پێشمەرگە چۆن دەگەڕێتەوە و کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان؟

2020.08.24 - 17:24
App store icon Play store icon Play store icon
پێشمەرگە چۆن دەگەڕێتەوە و کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان؟

ناس کورد-

هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر دروستکردنی شەش بنکەی هاوبەشی سەربازی ڕێککەوتوون و یەکێک لە بنکەکان لەسنوری کەرکوک دەبێت، بەڵام عەرەب و تورکمانەکانی ئەو شارە لەئێستاوە ناڕەزایی دەردەبڕێن و دەڵێن، ڕێگەنادەن ئەو بنکە هاوبەشە دروست بکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جێگری سوپاسالاری هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێم دەڵێت، دروستکردنی ئەو بنکانە مانای گەڕانەوەی پێشمەرگە نییە و بەرپرسێکی یەکێتیش لە کەرکوک پێیوایە، تورکمانەکانی ئەو شارە دژایەتییەکی دێرینیان بۆ کورد هەیە و لە دەریشەوە ئاڕاستەدەکرێن.

 

لەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دروستکردنی بنکەکان، دوێنێ یەکشەممە، 24ی ئابی 2020، عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک ناڕەزایەتی خۆیان نیشاندا و ڕایانگەیاند، قبوڵی ناکەن، بنکەی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە کەرکوک بکرێتەوە.

 

لەوبارەیەوە، نەجات محەمەد، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک لەهەموو پرسێکدا دژی کورد دەوەستنەوە، بەتایبەتی تورکمانەکان کە بە دەستی دەرەکیش ئاڕاستە دەکرێن."

 

وتێشی: "پێموانییە ئەو ناڕەزایەتییانە بایەخیان هەبێت، چونکە ئەو ڕێککەوتنە لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە و بەئاسانی هەڵناوەشێتەوە."

 

ناڕەزایەتی تورکمانەکانی کەرکوک بە دروستکردنی بنکەیەک کە چەند ئەفسەرێکی پێشمەرگەی تێدابێت لەکاتێکدایە، پێکهاتەی تورکمان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا پشکی گەورەیان پێدراوە و خاوەنی وەزارەتێک و پۆستی سکرتێری پەرلەمانی کوردستانن.

 

ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەڵێت: "تاڕادەیەک تورکمانەکانی هەولێر نێوانیان لەگەڵ کورد باشترە، بەڵام لە کەرکوک دۆخەکە جیاوازە و لە هەموو پرسێکدا دەبێت دژایەتی کورد بکەن."

 

دروستکردنی ئەو بنکانە مانای گەڕانەوەی پێشمەرگە نییە

 لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری هێزەکانی پێشمەرگە ڕەتیدەکاتەوە کردنەوەی ئەو بنکانە پەیوەندییان گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەوە هەبێت و بەناس کوردی ڕاگەیاند: "دروستکردنی ئەو بنکە هاوبەشانە مانای ئەوە نییە پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و سەربازگە دروست دەکات و لە سنورەکە بڵاودەکرێتەوە، نەخێر بەوشێوەیە نییە."

 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕونیکردەوە: "لەو بنکە هاوبەشانەدا چەند ئەفسەرێکی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەبن بۆ دانانی پلان و نەخشەڕێگا و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی تیرۆرستانی داعش پێکەوە."

 

جەختکردنەوەی هەرێمی کوردستان لە کردنەوەی ئەو بنکە هاوبەشانە لەچەندین بۆنەی جیادا، دەگەڕێتەوە بۆ ناسەقامگیری دۆخی ئەمنیی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە زیانی گیانی و مادی زۆریان لەلایەن پاشماوەکانی داعشەوە بەرکەوتووە.

 

"زۆرینەی شتەکان کۆتایی هاتووە و بەغدا چاوەڕوانی هەرێمە"

بەوتەی لیوا قارەمان، بنکە هاوبەشەکان لەشەش بنکە پێکدێن، دوو بنکەی سەرەکی، یەکێک لە بەغدا و یەکێک لە هەولێر، لەگەڵ چوار بنکەی لاوەکی لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

 

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشكرد، لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوودا زۆرینەی پرسەکان یەکلاکرانەوە و لەئێستادا حکومەتی عێراق چاوەڕوانی هەرێمە بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانەی لە بنکە هاوبەشەکاندا دەبن.

 

بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە پێیوایە لە کۆبوونەوەی ئەمجارەدا ئەوانەش کۆتاییان دێت و بنکەکان دەکرێنەوە، بەڵام ئاماژەی بەهیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوە نەکرد و وتی: "تائێستا هیچ وادەیەکمان دیارینەکردووە."

 

هەرچەندە لە هەفتەی ڕابردوودا چەند دەنگۆیەک بڵاوبوویەوە کە بەمنزیکانە شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە دەچنە بەغدا بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر کردنەوەی بنکەکان، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد کە لەسەرچاوەیەکی وەزارەتی پێشمەرگەوە دەستیکەوتووە، پێدەچێت کێشە سیاسییەکان کۆبوونەوەکەیان دواخستبێت و کردنەوەی بنکەکانیش بکەوێتە درەنگتر لەوادەی خۆی.